داواکاری گشتی رێکاری یاسایی دژی بەکارهێنانی کەسانی بەخشراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەبەر
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمەودوا داواکاری گشتی رێکاری یاسایی دژ بەو کەسانە دەگرێتەبەر کە "کەسانی بەخشراو و نیڤشکان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردێنن.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبارەی بەکارهێنانی کەسانی بەخشراو و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆییان لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پێشتر دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کرد بەرامبەر ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کەسانی (بەخشراو ) و خاوەن پێداویستی تایبەت بەکاردەهێنن و ڤیدیۆیان پێدەکەن و گاڵتەیان پێدەکەن بە ئامانجی بەدەستهێنانی لایک و کۆمێنت و ژمارەی بینەر و سوودی دارایی رێکاری یاسایی بگرێتەبەر، کە ئەو کارە پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە بەگشتی و دوورە لە بەها و عورفی کۆمەڵگە، داواکاری گشتی هاتە دەنگ."
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەی دەستەکەدا هاتووە، "لەکاتێکدا ئەو چینەی ناو کۆمەڵگە زیاتر پێویستیان بە چاودێری و رەچاوکردن هەیە، نەوەک بەو شێوە بەکارهێنانیان، بۆیە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم بەنووسراوی فەرمی گشتاندنیان بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی داواکاری گشتی لە شارەکان کردووە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو کارە دەکەن."
سلێمان سندی، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "پێشتر تێبینی ئەوەمانکرد هەندێک کەس و پەیجی سۆشیاڵ میدیا بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت و زیادکردنی بینەرەکانیان ڤیدیۆ و وێنەی کەسانی بەخشراویان بەکاردەهێنا کە کارێکە دژی مرۆڤایەتی و شکۆی مرۆڤە، بۆ کەسانی بەخشراو کارەکە ناخۆشتریشە، بۆیە بڕیارمان دا داوا لە داواکاری گشتی بکەین رێکار دژی ئەو کەس و لایەنانە بگرێتەبەر."
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ گوتیشی، "لەمەودوا خەڵک هەر بابەتێکی لەو جۆرەیان بەرچاو کەوت دەتوانن داواکاری گشتی ئاگاداربکەنەوە بۆ ئەوەی رێکاری بەرامبەر بگیرێتەبەر، یان لە رێگەی نووسینگەکانی مافی مرۆڤ لە شار و شارۆچکەکانەوە سکاڵا بکەن."
ماوە ماوە لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا کەسانێک ڤیدیۆی کەسانی بەخشراو بۆ سووکایەتیکردن و گاڵتەپێکردن بەکاردەهێنن و ئەوەش بەشێک لە خەڵک و کەسوکاری ئەو کەسانەی نیگەرانکردووە.