نۆرەی وەرگرتنەوەی کارتی 'هەژماری من' لە سلێمانی درێژە و هێزە ئەمنییەکان گلەییان هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

سەدان پێشمەرگە لە سلێمانی لە نۆرەی وەرگرتنەوەی کارتی 'هەژماری من' وەستان، هەریەکەیان چەند کاژێرێک لە نۆرەی دوورودرێژ چاوەڕێ بوو، بەڵام بەشێکیان پێیان گوترا ''بڕۆنەوە و کارتی بانکییەکەتان تەواو نەبووە.''
 
مەروان رەحمان، پێشمەرگەیە، بەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 3-4-2024) قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "لە کاژێر سێی بەرەبەیانەوە هاتووم، کەچی دەڵێن بڕۆ هەفتەیەکی دیکە وەرەوە. شەو ئاگاداریان کردبووینەوە، کە دەبێت بێین و وەریبگرینەوە."
 
پێشمەرگەیەکی دیکە دەڵێ "کەس ئاگادار نەبووە، کە لە کوێ و چۆن وەریدەگرینەوە، لەناکاو دوێنێ شەو گوتیان 'بڕۆن لە بانکی باخان کارتەکانتان وەربگرنەوە.' بەبێ ئەوەی ئێمە رازی بین."
 
شاخەوان رەسوول، پێشمەرگەیەکی دیکەیە و دەڵێ یەک ساڵە مامەڵەکانی 'هەژماری من'ـی کردووە، تاکە گلەییشی وەک خۆی باسی دەکات لە بەرپرسی بانکەکەیە، دەڵێ "با بیکردایە بە نۆرە و هەر رۆژە و وەجبەیەک بووایە. کارمەندی بانکەکە فریا ناکەون."
 
ئەوانەی هاتبوون بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بانکیی 'هەژماری من' پێشمەرگەی پێنج لیوای وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی پشتیوانیی دوون، هەریەکەیان رێگەیەکی دووریان بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان بڕیبوو، بەهیوای ئەوەی ئیدی مووچەکانیانی پێ وەربگرن.
 
سۆران کامەران، پێشمەرگەیە و دەڵێ "زۆر قەرەباڵخە، بڕۆیت (ـە نێو بانکەکە هەر) دەخنکێیت، هەمووی تێکەڵ بووە. ئێمە، سەربازین و هەر فەرمانێک بکرێت جێبەجێی دەکەین. پێمان گوترا بڕۆن کارت وەرگرنەوە، لەمەودوا بەوە مووچە وەردەگرن."
 
سۆران عەبدولواحید، پێشمەرگەیەکی دیکە باسی لەوە کرد "دەبوو کە شتەکانمان پڕکردەوە، بۆیان بناردینایەتەوە ماڵەوە نەوەک ئاوا نۆرە بگرین."
 
بەپێی زانیارییەکانی تیمی 'هەژماری من' تاوەکو ئێستا 260 هەزار فەرمانبەر ناویان تۆمار کردووە و، 153 هەزار و 800 فەرمانبەریش کارتی بانکییەکەیان وەرگرتووەتەوە، بە قۆناخ یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکەن و کارتی بانکیان پێدەدرێتەوە.