تەرمی کەسێک لە سلێمانی دۆزرایەوە و ئاسایش دەڵێت رووداوەکە "خۆکوژی" بووە
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەنێو شوقەکەی خۆیدا لە گوندی ئەڵمانیی سلێمانی تەرمی کەسێک دۆزرایەوە کە ئاسەواری گولـلەی پێوەبوو و دواتر ئاسایش رایگەیاند، رووداوەکە "خۆکوژی" بووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە شوێنی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو کەسە گولـلەی پێوەیە و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکەن، بۆئەوەی بزانن رووداوەکە چۆن بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، "هێشتا نازانرێت رووداوەکە خۆکوژی بووە یان کوژراوە، بۆیە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان دەکەن".
هەمان کات سەرچاوەیەک لە سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بەرووداوی گوت، "ئاگادارکراینەوە کە تەرمی کەسێک لە گوندی ئەڵمانی هەیە و چووین بۆ شوێنی رووداوەکە بۆ ئەوەی بیگوازینەوە بۆ پزیشکی داد، بەڵام ناسنامەکەی دیارنییە".
لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە تەرمی ئەو کەسە خاڵی جەوهەر ئاغای هەرکییە، بەڵام سەرچاوەکەی رووداو دڵنیاییدا کە ئەو کەسە نییە، بەڵکو کەسایەتییەکی دیکەی عەشیرەتی هەرکییە.
لەلایەکی دیکەوە، شاخەوان هەرکی، خوشکەزای ئەو کەسەی بە مردووی دۆزراوەتەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەو کەسە خاڵۆمە. ناوی عەلی فەتحوڵڵا حەسەنە، بە ئەمیر هەرکی ناسراوە. ئەمڕۆ وەڵامی تەلەفۆنەکانمی نەدەدایەوە و بەتەنیا بوو، جێی گومان بوو بۆچی وەڵام ناداتەوە؟ هاتمە بەردەم شوقەکەی دەنگی تەلەفۆنەکان دەهات و دەرگەکەشی داخرابوو، دەستبەجێ پۆلیسمان ئاگادارکردەوە، بەداخەوە دوای شکاندنی دەرگەکە بینیمان کە گولـلەیەکی پێوەیە و بەر سەری کەوتووە".
هەروەها باسی لەوە کرد، خاڵۆی خێزاندارە و منداڵی هەن، بەڵام بەهۆی هەبوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بەتەنیا لە سلێمانی ژیاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو چەکەی تەقەی پێکراوە لە جۆری دەمانچە بووە، "بەڵام ئێمە نازانین رووداوەکە کوشتن یان خۆکوژی بووە، تاوەکو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەبن".
لە پاش چەند کاژێرێک لە رووداوەکە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەک بەناوی ( ع، ف، ح) تەمەن 44 ساڵ لە گوندی ئەڵمانی لە شاری سلێمانی دۆزرایەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و پاڵپشت بە راپۆرتی پزیشکی دادوەری و بەشی بەڵگە و تاوان، دەرکەوت کە رووداوەکە خۆکوژییە".