وەزیری پەروەردە: پێش جەژن شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێش جەژنی رەمەزن شایستە داراییەکانی وانەبێژان خەرجدەکرێت، نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت "ئەوەی دابەشدەکرێت شایستەی دارایی مانگی 12ـی ساڵی رابردووە."
 
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند "جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بەزووترین کات و پێش جەژن شایستە داراییەکانیان خەرج بکرێت."
 
عەلی رەئووف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ، لەبارەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕیارە ئەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوو شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشبکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوەدەچوو، بڕیار وەرگیراوە بۆ ئەوەی پێش جەژن شایستە داراییەکانی وانەبێژان دابەشبکرێت."
 
هەر لەو بارەیەوە کارۆخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، یەکێکی دیکە لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، گوتی "رێکارەکانی بانک تەواو بکرێت سبەی و دوو سبەی شایستەی مانگی 12ـی وانەبێژان دابەش دەکرێت، ئەگەرنا دەکەوێتە یەکشەممە."
 
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار مامۆستایە. مووچەی وانەبێژان لەنێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە؛ کۆی پارەی مووچەی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان 16 ملیار دینارە.