لە سەیدسادق گەنجێک لەپشتەوە دەستڕێژی گوللـەی لێ دەکرێت و دەکوژرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەنجێک لە سەیدسادق بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا، پۆلیس دەڵێ: لەبەرئەوەی شەو بووە، دەموچاوی ئەو کەسانە بە روونی دیارنییە کە تەقەیان لێکردووە، بۆیە تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراون.
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای کاژێر 12:00ـی شەو (بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 3-4-2023) تەقە لە گەنجێک بە ناوی کرمانج والی تەمەن 28 ساڵ کراوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی، لەدەستداوە".
 
بە گوتەی پۆلیسی سلێمانی، ئەو گەنجەی کوژراوە خاوەنی یاریگایەکی تاتانە و دوروبەری کاژێر 11:00ـی شەو یاریگاکەی داخستووە و لەگەڵ دوو کوڕی دیکە رۆشتوون، بەڵام دوای کاژێر 12:00ـی شەو لە پشتەوە تەقەیان لێکراوە و گوللـەیەک بە پشتی ئەو گەنجە کەوتووە و لەسەر سنگی دەرچووە، دوای گەیاندنی بە نەۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.
 
پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە قەوانی کڵاشینکۆفیان کۆکردووەتەوە و، سەرکەوت ئەحمەد دەڵێ "رووداوەکە درەنگانی شەو بووە و دەموچاوی ئەو کەسانە دیار نییە کە تەقەیان کردووە بۆیە تائێستا دەستگیرنەکراون" هەروەها دەڵێ "لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم کەیسە بەردەوامن".
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە بەردەم ئەو مزگەوتەی پرسەی گەنجەکەی لێ دانراوە، گوتی "لەگەڵ کەسوکاری کرمانج سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە قسەم کرد، ئەوان دەڵێن کێشەی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە، ئەوەندەی ئاگاداریش بن، کوڕەکەشیان کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبووە و نازانن کێ تەقەی لێ کردووە و کوشتوویەتی".