لە رەمەزاندا تەنیا نرخی گۆشتی سوور بەرزبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بە گوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، بەهۆی گرانیی نرخەوە هیچ شوێنێک لە مانگی رەمەزاندا دانەخراوە، بەڵام چەندین شوێنیان بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنوێنییەکان داخستوون و سزایان داون. وەکو ئەوان دەیڵێن، جگە لە گۆشتی سوور، نرخەکان هاوشێوەی پێش رەمەزانن و بەرز نەبوونەتەوە.
 
جگە لە نرخی گۆشتی سوور کە بەگوێرەی شارەکان و جۆرەکەی جیاوازن و کیلۆی لە 17 هەزار دینارەوە تاوەکو 25 هەزار دینارە، نرخ لە مانگی رەمەزاندا لە هەرێمی کوردستان جێگیر بووە. رۆژی دووشەممە 3ی نیسانی 2023، نەبەز عەبدولحمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رەمەزاندا، جگە لە گۆشت کە لە تەواوی هەرێمی کوردستان گران بووە، هیچ نرخێک بەرز نەبووەتەوە."
 
نەبەز عەبدولحەمید کە هاوکات سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەولێرە، گوتیشی، لە مانگی رەمەزاندا هیچ شوێنێکیان بەهۆی گرانیی نرخەوە دانەخستووە، بەڵام بە هۆکاری پیسی و نەشیاوبوونی کەرەستەی جۆراوجۆر چەند شوێنێکیان داخستوون یان سزایان داون.
 
هەروەها سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بارزگانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تیمەکانمان بەردەوام دەگەڕێن و چاودێریی بازاڕ دەکەن؛ ئەوەی تێبینیمان کردووە ئەمساڵ لە رەمەزاندا نرخی هیچ خۆراکێک بەرز نەبووەتەوە و بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخیشەوە هیچ شوێنێکمان دانەخستووە."
 
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە مانگی رەمەزاندا چەند شوێنێکیان داخستووە بەهۆی پابەندنەبوونیان بەرێنوێنییەکانی لیژنەکانی چاودێرییەوە. گوتیشی، "لەنێو ئەو شوێنانەدا داخراون یان سزادراون خەڵک هەبووە ویستوویانە لە مانگی رەمەزاندا شتومەکی بەسەرچوو بەسەر خەڵکدا ساخبکەنەوە."
 
لەبارەی نرخی شتومەکەوە لە دهۆک، میلـلەت زیکری، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە مانگی رەمەزاندا چێشتخانەیەکمان داخستووە کە رێنوێنییەکانی تەندروستی جێبەجێ نەکردووە؛ هەشت شوێنی دیکە سزا دراون بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنوێنییەکانەوە، کە سەرجەمیان شوێنی فرۆشتینی شیرینی و شەربەت بوون."
 
لەبارەی نرخیشەوە میلـلەت زیکری گوتی، لەسەر بەرزبوونەوەی نرخ لە دهۆک هیچ شوێنێکیان دانەخستووە و بە گوتەی ئەو، هەموو نرخەکان هاوشێوەی پێش رەمەزانن جگە لە گۆشتی سوور.
 
ئاوات محەممەد، سکرتێری قایمقامی هەڵەبجەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژانە لە رێگەی 12 لیژنەوە چاودێریی نرخ و کواڵییەتی لە سنووری هەڵەبجە دەکەن. گوتیشی: "بەهۆی گرانیی نرخەوە لە رەمەزاندا هیچ شوێنێکمان دانەخستووە؛ بەڵام داخستنی شوێن و سزادان هەبووە بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنوێنییەکانی لیژنەکانەوە؛ بۆنموونە قەسابخانە داخراوە گۆشتەکەی شیاوی خواردن نەبووە و خراپ بووە."
 
لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی لیژنە جیاوازەکانەوە کە نوێنەرایەتی قایمقامیەتەکان، تەندروستی، پۆلیس و ئاسایشی تێدایە چاودێریی نرخ و کوالێتیی کەرەستە جیاکان لە بازاڕەکاندا دەکرێت.