رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێت، ئەو ئاگرەی بەیانیی ئەمڕۆ لە دایەنگەی چوارچرا کەوتەوە، هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
رۆژی دووشەممە 03-04-2023 دایەنگەی چوارچرا لە شاری سلێمانی ئاگری گرت. ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، رووداوەکە لە چێشتخانەی دایەنگەکە روویداوە و زیانە مادییەکانیش کەمن، تەنیا چێشتخانەکە هەندێکی سووتاوە.
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
لەبارەی هۆی ئاگرکەوتنەوەکە گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی دەڵێت، "تاوەکو ئێستا دیار نییە و تیمەکان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەن."
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بە هاوکاریی ئاگرکوژێنەوەی دایەنگەکەش ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.
لەبارەی هۆکاری ئاگرەکە، پەیامنێری رووداو دەڵێت، لێچوونی گازی چێشتخانەکە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ