لە رووخانی سەقفێکدا لە هەولێر 12 کرێکار بریندار بوون؛ 5یان بڕبڕەی پشتیان شکاوە


رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە کاتی کارکردندا لە دووکانەکانی بازاڕی سپی لە هەولێر؛ سەقفێک کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە 12 کرێکار بریندار بوون. 
 
تاریق عەبدولڕەحمان، بەڵێندەری پڕۆژەکە بە رووداوی گوت، "خەریکی سەبکردنی سەقفەکە بووین، یەکسەر دارەکە رووخا، کرێکارەکان هەموویان کەوتنەخوارەوە و برینداربوون."
 
کرێکارەکان 11یان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و یەکێکیشیان خەڵکی باشووری کوردستانە. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، 5 لە کرێکارەکان بڕبڕەی پشتیان شکاوە و یەکێکیشیان مێشکی تووشی خوێنبەربوون بووە.
 
دکتۆر مەروان غەفوور، پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار بە رووداوی راگەیاند، "یەکێک لە بریندارەکان خوێنبەربوونی مێشکی هەیە، ئەوانی دیکەش بڕبڕەی پشتیان شکاوە و پێویستیان بە مانەوە و خەواندن هەیە بۆ ئەوەی لە ژێر چاودێریی پزیشکدابن."
 
بەڵێندەری پڕۆژە نەجاڕەکە بە هۆکاری رووخانی بنمیچی بازاڕەکە دەزانێت، چونکە دەڵێت، پێش کارکردن و سەبکردنی سەقفەکە نەجاڕەکە دڵنیایی داوەتە خاوەنی پڕۆژەکە کە دارەکان بەرگەی چیمەنتۆکە دەگرن.
 
حەسەن پاڵانی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران باس لەوە دەکات، "کرێکارەکان پێدوایستیی خۆپارێزییان نەبووە و بۆشیان دابین نەکراوە، بەیانی لیژنەیەکی لێکۆلینەوە پێکدەهێنین بۆ ئەوەی بزانین هۆکاری رووخانەکە چی بووە."
 
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای کرێکاران؛ ساڵی رابردوو 7 کرێکار و لە سێ مانگی ئەمساڵیش چوار کرێکار لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە.