کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین سەرجەم گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی راگرت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرجەم گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و تاوەکو کۆتایی ئەم مانگەش گەشتەکانی کاژێر 10ـی شەوانی راگرت. بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەکە دەڵێت، 'رۆژانە دوو گەشتمان بۆ تورکیا هەیە، گەشتەکانی چواری بەرەبەیانیش تاوەکو کۆتایی 5ـی نیسان رادەگیرێن."
شەوی دووشەممە، 3-4-2023، هەندرێن هیوا موفتى، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 7:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن کۆمپانیای تورکیش ئێرلاینەوە ئاگادارکراینەوە کە ئەو گەشتانەیان کە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییە و کاژێر 10ـی شەو بوو، تاوەکو کۆتایی مانگ راگرتووە، ئەو گەشتەی دیکەیان کە چواری بەرەبەیان بوو تاوەکو 5ـی ئەم مانگە رادەگیرێن."
سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی گەشتەکانیش، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گوتی: "ئێمە داوای روونکردنەوەمان کردووە، بەڵام هێشتا وەڵاممان نەدراوەتەوە، ناشزانین راگرتنی گەشتەکان بۆ چییە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقیمان ئاگادار کردووەتەوە."
لەبارەی راگرتنی گەشتی کۆمپانیاکانی دیکە بۆ تورکیا، هەندرێن هیوا موفتى گوتی: "هێشتا دیار نییە بڕیارەکە سەرجەم کۆمپانیاکانی دیکەش دەگرێتەوە یان تەنیا ئەو کۆمپانیایەیە."
کۆمپانیای تورکیش ئیرلاین، رۆژانە دوو گەشتی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەیە، یەکێکیان 10ـی شەوە و ئەوەی دیکەشیان 4ـی بەیانییە.