لە سلێمانی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی سەربازیی راگیرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی نەمانی پارەوە، دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی سەربازیی لە دوو بنکەی دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی راگیراوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ دووشەممە 03-04-2023، دابەشکردنی مووچەی مانگی شووباتی خانەنشینی سەربازی لە هەردوو بنکەی دابەشکردنی مووچە لە سیتی سەنتەر و ئازادی لە سلێمانی راگیراوە و بە خانەنشینان گوتراوە "پارە بەردەست نییە."
 
بەگوێرەی ئەوەی مووچە کراوە بە کۆد و هەر رۆژە و چەند خانەنشینێک وەریدەگرن، ئەمڕۆ نۆرەی بەشێکی خانەنشینانی سەربازی بووە کە زۆرینەیان خانەنشینی گوڵانن، بەڵام بەهۆی نەمانی پارەوە نیوەیان مووچەیان وەرنەگرتووە و دەگوترێت ئەگەر هەیە پارە بنێردرێت و خانەنشینان چاوەڕوانی هاتنی پارەن.
 
رۆژی 8ی ئادار وەزارەتی دارایی و ئابووری دابەشکردنی مووچەی مانگی شووباتی دەستپێکرد و بڕیاربوو دوایین شوێن سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و خانەنشینیی پێشمەرگە لە 30ی ئاداردا مووچەکانیان وەربگرن.
 
مانگی رابردوو رۆژی 6ی شووباتی 2023 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2023 کرا.
 
لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر هەن، 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیشیان خانەنشینن.