رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، دەست بەسەر 5 ملیۆن دۆلاری چەند بازرگانێکدا گیراوە، کە ویستوویانە بە قاچاخ و بە رێگەی جیاواز لە سنوور ئاودیوی بکەن.
دوای ئەوەی لە 11ی شووبات دەروازەی ئیبراهیم خەلیل رایگەیاند، بەپێی رێنوێنییە نوێیەکان بردنە دەرەوەی پارەی کاش لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل قەدەخەیە. دوای ئەو بڕیارە نرخی حەواڵە لە دەروازەکە زیادیکرد، پێشتر بۆ 10 هەزار دۆلار 20 دۆلار وەردەگیرا، بەڵام دوای ئەو بڕیارە بۆ 10 هەزار دۆلار 220 دۆلار وەرگیراوە.
بەشێک لە بازرگانەکان بۆئەوەی کە بتوانن پارەکانیان بە مەبەستی بازرگانی بنێرنە وڵاتانی دەرەوە، هەوڵیان داوە بە شێوەی جیاواز و بە رێگەی قاچاخ پارەی کاش بنێرنە دەرەوە.
پەیامنێری رووداو لە دهۆک دەڵێت، "ئەو پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە لەنێوان 5 بۆ 7 ملیۆن دۆلار دەبێت، چەند کەسێک لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیر کراون و سزای مادیشیان بەسەردا سەپێندراوە."
کامی کەمال، گوتەبێژی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگاداری ئەو پارەیە نییە، بەڵام رۆژانە بە چڕی چاودێریی گواستنەوەی کەلوپەل و حەواڵەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ