نرخی ئەمپێری موەلیدە مانگی رابردوو لە هەولێر بەرزترین و هەڵەبجە نزمترین بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی کارەبای موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان دیاریکرا، بەرزترین نرخ لە هەولێرە کە ئەمپێرێک دەگاتە 10750 دینار، هەروەها لە سلێمانی نرخی ئەمپێرێک دەگاتە 8750 دینار، لە دهۆک ئەمپێرێک 9000 دینارە و لە هەڵەبجە بەرزترین نرخ دەگاتە 7750 دینار.
 
بەگوێرەی خشتەی نوێی پێدانی کارەبای موەلیدە، لە مانگی رەمەزاندا، لە ئەمڕۆ بەدواوە لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا لە شاری هەولێر، کاژێر 12ی نیوەڕۆ بۆ کاژێر 09:00ی بەیانی کارەبای موەلیدە دەدرێتە هاونیشتمانییان.
 
لە هەولێر، بۆ مانگی ئادار نرخی کارەبای موەلیدە لە هەموو پارێزگاکانی دیکە زیاتر بووە؛ رۆژی دووشەممە 3ی نیسانی 2023، قارەمان مەولوود، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەبەر ئەوەیە کە کارەبای نیشتمانی لە هەولێر کەمتر بووە، مانگی رابردوو تێکڕا 170 بۆ 215 کاژێر کارەبای موەلیدەمان داوەتە هاونیشتمانیان، نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 8 هەزار و 500 دینار بۆ 10 هەزار و 750 دینار بووە."
 
بەگوێرەی خشتەی نوێ، لە مانگی رەمەزاندا لە شاری سلێمانی لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا لە کاژێر 01:00ی نیوەڕۆ بۆ کاژێر 05:00ی بەیانی، هەروەها کاژێر 07:00 بۆ 08:30ی بەیانی کارەبای موەلیدە دەدرێتە هاونیشتمانیان.
 
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی رابردوو لەنێوان 158 بۆ 180 کاژێر کارەبای موەلیدەیان داوەتە هاونیشتمانیان و بەگوێرەی پێدانی ئەو کاژێرانە ئەمپێرێک لەنێوان 7 هەزار و 750 دینار بۆ 8 هەزار و 750 دینار دەبێت.
 
دهۆک جیاوازە لە سێ پارێزگاکەی دیکەی هەرێمی کوردستان و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر کارەبای موەلیدە دەدرێتە هاونیشتمانیان.
 
هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ مانگی ئادار 158 کاژێر کارەبای موەلیدەیان داوەتە هاونیشتمانیان، نرخی هەر ئەمپێرێک 9 هەزار دینارە.
 
لە هەڵەبجە لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا بۆ پاشیڤ لە کاژێر 03:00 بۆ 05:00ی بەیانی کارەبای موەلیدە دەدرێتە هاونیشتمانیان، لە رۆژانی دەوامیشدا کاژێر 07:00 بۆ 08:30ی بەیانی کارەبای موەلیدە دەدرێت و نیوەڕوانیش کاژێر 12:00 بۆ کاژێر 01:00ی شەو موەلیدەکان کار دەکەن.
 
پێشەوا حەیدەر، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەنێوان 110 بۆ 150 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوە، بەوپێیەش نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 7 بۆ 7 هەزار و 750 دینارە."
 
رۆژی 30-03-2023، ئەردەڵان شوکری، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رۆژی 25ـی ئادارەوە رۆژانە بڕی زیاتر لە 20 کاژێر کارەبای نیشتمانی دراوەتە هاونیشتمانیان.
 
مانگی شووبات لە هەولێر نرخی ئەمپێرێک موەلیدە لەنێوان 13 هەزار و 250 دینار بۆ 17 هەزار دینار، لە سلێمانی لە نێوان 15 بۆ 16 هەزار دینار، لە دهۆک 20 هەزار و 500 دینار و لە هەڵەبجەش 9  هەزار و 250 دینار بۆ 15هەزار و 250 دینار بوو.