دەوام لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەمدەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە بۆنەی مانگی رەمەزانەوە کاژێرێک کاتی دەوام کەمکرایەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 3-4-2022، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە کاژێرێک دەوامیان کەمکردووەتەوە و رۆژانە دەوام کاژێر 09:00 بەیانی بۆ کاژێر 14:00 دەبێت.
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی: "کەمکردنەوەی دەوام، كەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا ناگرێتەوە".
 
مەغدید عومەر، قایمقامی قەزای سۆران، رۆژی یەکشەممە 3-4-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەوە بڕیاری کەمکردنەوەی دەوام چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و فەرمانبەران کاژێر 09:00 چوونەتە دەوام.
 
بە بۆنەوەی مانگی رەمەزانەوە، هەریەکە لە وەزارەتەکانی تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا پێشتر کاتەکانی دەوامیان کەمکردووەتەوە.
 
رۆژی 14-9-2021، لە رێوڕەسمێکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی بە فەرمی راگەیاند کە لە چوار قەزای سۆران، رواندز، چۆمان و مێرگەسۆر پێکدێت.