ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا قەدەخە دەکات

 
رووداو-هەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، "کار دەکەین بۆ ئەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان کەمبکەینەوە و لە ئەگەری هەر سەرپێچییەکیان وەک هەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە بگرە زیاتریش سزا دەدرێن، چونکە ناکرێت سزا بۆ چینێکی دیاریکراو دەربکرێت و چینێکی دیکە لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتای پێیە سەرپێچی بکات و سزا نەدرێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ی نیسانی 2022، هەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کار دەکەین بۆ نەهێشتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا، و لەگەڵ خاوەنی پێشەنگەکان کۆبووینەتەوە و مۆڵەتی یەک هەفتەمان پێداون بۆ ئەوەی چیدی مامەڵە بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتاوە نەکەن."
 
بە گوێرەی راپرسییەک کە لە قەزای سۆران ئەنجامیانداوە، نزیکەی نۆ هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لە سۆران هەن. هەڵگورد نەجیب دەڵێ، "کێشەیەکی گەورەیان دروستکردووە، چونکە سەرپێچی دەکەن، بەڵام سزا نادرێن تەنیا لەبەرئەوەی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتایان پێیە، نابێت ئەو یاسایەی بۆ سەرپێچیی شوفێران و ئۆتۆمبێلەکان دادەنرێت، تەنیا چینێک بگرێتەوە و چینێکی دیکە لەبەر ئەوەی خاوەنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتان هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵدا نەکرێت."
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، "وەزارەتی ناوخۆ بەرنامەی هەیە بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دابنێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت دەستپێشخەربین و بە گوێرەی پلانێک کار بکەین بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە."
 
لەبارەی پلانەکەیان گوتی، "هەنگاوی یەکەم دەمانەوێت رەواجی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە کەمبکەینەوە، بۆ ئەمەش بەرنامەیەکمان داناوە کە ئیدی هەموو ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان وەک هەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە ئەگەر سەرپێچییان کرد سزا بدرێن، چونکە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە پێشتر هیچ سزایەک نەدراون و هیچ رێوشوێنێکیان بەرامبەر نەگیراوەتەبەر، تەنانەت مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتووچۆش نەیاندەتوانی هیچ سزایەکیان بدەن، بەڵام ئێستا سەرپێچی بکەن سزایان دەدەین."
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، "ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لەناو شار قەرەباڵخییان دروستکردبوو، لە هەر جێگەیەک بیانویستایە رادەوەستان، بەهۆیانەوە کۆنترۆڵی بازاڕیش لەدەستچوو بوو، بەڵام ئێستا رێگەیان پێ نادەین لە هەموو جێگەیەک ئۆتۆمبێل رابگرن، تاوەکو ئەو کاتەی وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی دروستیان لەبارەوە دەدات".
 
دەگوترێت ئەوانەی ئەو ئۆتۆمبێلانە بەکاردەهێنن خەڵکانی کەمدەرامەتن، بەڵام سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەڵێت، "بەردەوام ئەو قسەیە دەکرێت، بەڵام خەڵکی دیکە ئەوەی قۆستبووەوە چونکە ئۆتۆمبێلی زۆر مودێل بەرز هەبوون ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بوون".