ڤیدیۆ؛ لە هەولێر منداڵێک فڵچەی ددان شووشتن قوت دەدات و رزگار دەکرێت

03-04-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
فڵچەی ددان شووشتنەکە لەنێو بۆری خواردنی منداڵەکە و وێنەی پزیشکەکە کە فڵچەکەی دەرهێناوە
فڵچەی ددان شووشتنەکە لەنێو بۆری خواردنی منداڵەکە و وێنەی پزیشکەکە کە فڵچەکەی دەرهێناوە
نیشانەکردن هەولێر فڵچەیەکی ددان شووشتن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر منداڵێکی تەمەن ساڵێک و چوار مانگ فڵچەیەکی ددان شووشتن قوت دەدات و دواتر دایک و باوکی، منداڵەکە بە زوویی دەگەیێننە نەخۆشخانە و بە هەوڵی پزیشکان لە خنکان رزگار دەکرێت.
 
ئەم رووداوە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 03-04-2021 روویداوە. رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لەنێو نەخۆشخانەکە بە دواداچوونی رووداوەکە کردووە و دەڵێت، فڵچەکە چووەتە نێو بۆری خواردنی منداڵەکە و نەچووەتە نێو بۆری هەناسەیەوە. درێژیی فڵچەکەش 19 سانتیمەتر و نیوە و پانیەکەیشی سانتیمەترێک و نیوە.
 
دکتۆر ئاڵتوون مەحموود، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر فڵچەکەی لە گەرووی منداڵەکە هێناوەتە دەرەوە و بە رووداوی راگەیاند: ئەم رووداوانە زۆر جار روودەدەن بەڵام "قوتدانی فڵچەیەکی وا گەورە لەلایەن منداڵێکی لەم شێوەیە جیاوازە و رووداوێکی زۆر دەگمەن و سەیرە، ئێستا ئێمە بۆمان بووەتە پرسیار کە چۆن منداڵەکە فڵچەیەکی وا گەورەی قوت داوە."
 
ئەو پزیشکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات "منداڵەکە زوو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و ئێمەش بەبێ نەشتەرگەریی و لە رێگەی هەناوبینی گەدە توانیمان فڵچەکە دەربهێنین و منداڵەکە لە مردن رزگار بکەین." 
 
لە کاتی دەرهێنانی فڵچەکە لە گەرووی منداڵەکە، پزیشکێکی بێهۆشکاری و یاریدەدەرەکەی، پزیشکی پسۆڕی هەرس و جگەر و یاریدەدەرەکەی، لەگەڵ قوتابییەکی دکتۆرا بەشداربوون.
 
سەبارەت بەوەی کە چۆن بووە منداڵەکە نەخنکاوە، لەکاتێکدا فڵچەیەکی بەمشێوەیە گەورەی قوتداوە؛ ئەو پزیشکە دەڵێت "فڵچەکە چووەتە نێو بۆری خواردنەوە و نەچووەتە نێو بۆری هەناسەیەوە و کاریگەریی لەسەر هەناسەی نەکردووە. ئەگەر چووبایە نێو بۆری هەناسەی رووداوەکە بەمشێوەیە نەدەبوو و رەنگە منداڵەکە خنکابووایە."
 
بەگوتەی ئەو پزیشکە، ئەو فڵچەیەک کە لەنێو قورگی منداڵەدا بووە "بەشێکی لە سەرەوەی دەمی گیری کردبوو و سەری فڵچەکەیش لەنێو مەعیدەی بووە."
 
دایک و باوکی منداڵەکە بەمشێوەیە باسی رووداوەکەیان بۆ پزیشک کردووە کە، دایکەکە ددانی شووشتووە و دواتر منداڵەکە لەگەڵی بووە و گریاوە و داوای فڵچەکەی کردووە، دایکەکە فڵچەکەی پێداوە پاشان ئاگای لێنەماوە. پاشان دایک و باوکەکە بە دەنگی منداڵەکە ئاگادار دەبنەوە کە منداڵەکە دەگری و لیکاو لە دەمی دێتە دەرەوە، دایکیشی وا بیردەکاتەوە کە فڵچەکەی قوتدابێ و پاشان دەیبەنە نەخۆشخانە و رزگار دەکرێت.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو پزیشکە داوا لە دایک و باوکان دەکات وریا بن بەرامبەر بە منداڵاکانیان و دەشڵێت "یەکەمجارە وەک پزیشکێکی پسپۆڕ شتی وا ببینم و رووداوێکی زۆر دەگمەنە، بەڵام کەسێکی گەورە لە ماوەی رابردوودا فڵچەیەکی خواردبوو، رەنگە ئەوە ئاسایی بێت، بەڵام ئەوەی منداڵەکە یەکەمجارە و زۆر سەیرە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.