لە ئامەد بەشێکی هاونیشتمانییان بەهۆی کۆرۆناوە چوونەتەوە گوندەکانیان

 
 
رووداو - هەولێر

بەشێک لە هاونیشتمانییانی ئامەد بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆوە شاریان جێهێشتووە و چوونەتەوە گوندەکان. لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە ئامەد پێشتر چەند ماڵێک هەبوون، ئێستا قەرەباڵخە و ئاوەدان بووەتەوە.
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاد دەبێت. خەڵکی ئامەدیش وەک خەڵکی هەموو شوێنێکی دیکەی جیهان کە ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە، لە قەرەباڵخی دوور دەکەونەوە.
 
تیمەکانی شارەوانی و ئاسایشی ئامەد بە کوردی و تورکی هۆشیاری بڵاودەکەنەوە تاوەکو خەڵکی نەیەنە دەرەوە و لێک دوور بکەونەوە. هاتنەدەرەوەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوەیە، قەدەخەیە. 
 
گوندی بازمەری هەزرۆی ئامەد کە 85 کیلۆمەتر لە شارەوە دوورە، تا 20 رۆژ لەوەوپێش تەنیا ماڵێکی لێبوو، بەڵام ئێستا ئەم گوندە لەبەر ترسان لە کۆرۆنا خەڵکی بۆ گەڕاوەتەوە و بووەتە پەناگە.
 
تۆفیق ئەکساک، هاونیشتمانییەکە و دەڵێت، "من نەخۆشیی دڵ و فشارم هەیە. من و منداڵەکانم لە ئامەد دەژیین. کە کۆرۆنا پەیدابوو، منداڵەکانم زۆر ترسان، ئیتر هاتینەوە گوند.".
 
رەمزییە ئەکساک، هاوژینی تۆفیقە و دەڵێت، "ئێمە لێرە ئاسوودەین. هیوادارم ئەم نەخۆشییە نەمێنێتێ و بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە بگەڕێینەوە ماڵی خۆمان لە شار".
 
یەکێک لەو کەسانەی هاتووەتەوە بۆ گوند، بەڵێندەرێکی شاری ئامەدە، بەڵام ئێستا بۆ خۆپاراستن شاری بەجێهێشتووە.
 
هاکان سیراجۆغڵو، بەڵێندەرە و دەڵێت، "دووکانەکەی خۆمم داخست و هاتمەوە گوندەکەی خۆم. لێرە ترسم کەمترە. هیوادارم ئەم بەڵایە زوو تەواو ببێت و بگەڕێینەوە سەر کاری خۆمان".
 
تاوەکو ئێستا لە تورکیا 20 هەزار و 921 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون و 425 تووشبوویش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.