چواردەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب کرایەوە

رووداو - هەولێر 

بە بەشداری زیاتر لە 300 وەشانخانە لە 21 وڵاتی عەرەبی و بیانییەوە، چواردەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب لەلایەن سەرۆک بارزانی کرایەوە. 

ئیهاب ئەلقەیسی، بەڕێوەبەری چواردەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 300 وەشانخانە لە 21 وڵات بەشداریان لە پێشانگاکە کردووە لەوانە وڵاتانی: میسر، سووریا، لوبنان، ئوردن، تورکیا، ئیران، بەریتانیا، هیند، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکەی بیانی. 

هەروەها 42 وەشانخانە لە هەرێمی کوردستان بەشداریان لە پێشانگەکە کردووە، لەگەڵ نزیکەی حەوت وەشانخانە لە رۆژئاوا، باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان.

ئیهاب ئەلقەیسی، ئاماژەی بەوەشکرد، لە پێشانگاکەدا زیاتر لە 80 کۆڕ و چالاکی رۆشنبیری جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێن بە بەشداری زیاتر لە 100 کەسایەتیی رۆشنبیر و ئەکادیمی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق".

چواردەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب ماوەی 11 رۆژ دەخایەنێت، ئەمڕۆ 3-4-2019 لەلایەن سەرۆک بارزانی کرایەوە و تاوەکو 13-4-2019 بەردەوام دەبێت. 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار