دایکی مەسعود: تەنیا یەک داوام لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە

 رووداو - کەمپی دارەشەکران

" دەبێت ئەو کوشتنە لە هەموو دونیادا دەنگبداتەوە، چارەنووسی کوڕی من وەکو ئالانی لێهات و، هەموو دونیاش لەسەر ئالان بەدەنگ هاتن بەو شێوەیە دەبێت لەسەر کوڕی منیش بەجواب بێن"، ئەمە هاواری ئەو دایکەیە کە منداڵە تاقانەکەی لە کەمپێکی ئاوارەکان لە باشووری کوردستان لەدەستدا و بە مردووی دۆزرایەوە. 

مەسعود جیهاد، منداڵێکی تەمەن 7 ساڵ بوو، شەوی 2-4-2016 لەناو کەمپی دارەشەکرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، لە رووداوێکی تەموومژاویدا بەخنکاوی دۆزرایەوە، دایکی دەڵێ "خنکێنراوە". ئەوەی ئێستا بۆ دایکی مەسعود ماوەتەوە تەنیا جانتای قوتابخانەکەی و کەلوپەلەکانیەتی، کە ئێستا تووند لە ئامێزیان دەگرێت.

خەڵات محەممەد، دایکی مەسعود بە گریانەوە بۆ رووداو دەڵێ " کوڕی من منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ بوو، هیچ تاوانێکی نەبوو. من تەنیا داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم ئەو راستییەم بۆ ئاشکرا بکەن، کوڕەکەم بە چ تاوانێک کوژرا؟ دەبێت ئەوەی کوڕەکەمی کوشت بە هەمان شێوە بکوژرێتەوە".

باوکی مەسعود ماوەی سێ ساڵە بۆ پاراستنی ماڵ و منداڵەکانی پەنابەری باشووری کوردستان بووە، هەرگیز بیری لەوە نەکردبووەوە لە کەمپێک کە پەنای بۆ بردووە جگەرگۆشەکەی لەدەستبدات.

جیهاد عیسا، باوکی مەسعودە و ئەو رووداوە بە تەواوەتی تاساندوویەتی. جیهاد  نەهامەتییەکی زۆری کێشا تاوەکو ماڵ و منداڵەکانی لە دێرکەوە گەیاندە باشووری کوردستان و دەشڵێ " نە لێرە و نە لە دێرک دوژمنداریم لەگەڵ کەسدا نەبووە". 
 
تەحسین محەممەد، یەکێک لەوانەی گەواهیدەری گیانلەدەستدانی مەسعودە، رووداوەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێ " کاژێر هەشت بوو، پەیوەندیمان پێوەکرا کە تەرمی ئەو لە چۆڵەوانیی دوای کەمپەکە دۆزراوەتەوە، من پرسیم ئەم حاڵەتە چۆن روویداوە؟ پێیان گوتم لێیان داوە و ئاسەواری لێدان بەسەر لاشەیەوە دیارە و، قەیتانی پێڵاویان لێکردووەتەوە و بەهۆیەوە خنکاندوویانە".

ئەمە یەکەم حاڵەتی وەهایە لەو 39 کەمپەی ئاوارە و پەنابەران لە باشووری کوردستان رووبدات. ئێستا خانەوادەی مەسعود چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینی دادین، بۆ ئەوەی بزانن راستی گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان چۆن بووە، هەر بۆ ئەوە پۆلیسیش خەریکی لێکۆڵینەوەیە.