سێ هەزار دۆسیەى کەرکووک رادەستکراون بۆ قەرەبووکردنەوەى جووتیارانى کورد

03-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140، سێ هەزار دۆسیەی تایبەت بە زەوی و زارە داگیرکراوەکانى کەرکووک دەداتە وەزارەتى داد بۆ جێبەجێکردنى یاسای گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ، کە بە گوتەى ئەندامێکى پەرلەمان، رێنوێنیی کارکردن بەو یاسایە لە ماوەى دوو بۆ سێ مانگدا دەردەکرێت.
 
لە 17ى شوباتى رابردووەوە، یاسای گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان چووەتە وارى جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەى یاساکە ئەو کەسانە قەرەبوو دەکرێنەوە کە بە 12 بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى پێشوو زەوییەکانیان لێ داگیرکراوە، کە کورد و تورکمانى کەرکووک دەگرێتەوە.
 
یاساکە لە 21ى کانوونى دووەمى 2025، لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر درا، بۆ جێبەجێکردنى پێویستە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رێنوێنیی بۆ دەربکات.
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لە ماوەى دوو بۆ سێ مانگدا ئەو رێنوێنییە دەردەکرێت، دواى ئەوە زیانلێکەوتووان مامەڵەکانى وەرگرتنەوەى زەوییەکانیان دەستپێدەکەن."
 
ئەو 12 بڕیارەى زەوییەکانیان پێ داگیرکراوە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، لەنێوان ساڵانى 1975 بۆ 1984 دەرکراون، کە بەشێک بوون لە پرۆسەى تەعریبکردنى کەرکووک.
 
کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکى لیژنەى جێبەجێکردنی مادەى 140 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بۆ جێبەجێکردنى ئەو یاسایە، داوایان لێکراوە دۆسیەى ئەو زەوییانەیان بۆ بنێردرێت، کە ئەو بڕیارانە دەیانگرنەوە. زیاتر لە 3000 دۆسیەیان بۆ ناردوون کە ناوى ئەوانەى تێدایە قەرەبوو کراونەتەوە یان زەوییەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە."
 
بڕیارى ژمارە 949، یەکێک لەو بڕیارانەى گەڕاندنەوە زەوییە داگیرکراوەکان دەیانگرێتەوە کە 23ى ئابى 1977 دەرکراوە و لە 14 کەرت 12 یان دەکەونە سنوورى قەزاى دووبز لە کەرکووک و یەکێکیان زەوییەکانى شەنەغە دەگرێتەوە کە لە 16ى شوباتى 2025 کێشەى لە نێوان جووتیارانى کورد و سوپاى عێراق دروست کرد.
 
کاکەڕەش سدیق ئاماژەى بەوەش دا، "ئەو زەوییانە دەگەڕێنرێنەوە کە پێشتر خاوەکانیان قەرەبوویان وەرنەگرتبێتەوە."
 
بەگوێرەى یاساکە، ئەو کەسانەى لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس قەرەبووى مادییان وەرگرتووەتەوە بەرامبەر بەو زەوییانەى لێیان داگیراوە، زەوییەکانیان بۆ ناگەڕێنرێتەوە.
 
یاساکە پەیوەندیی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک هەبووە کە دەبێت بگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە