رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک داوا لە وەزیری پەروەردەی عێراق دەکات راژەی 5000 مامۆستای خوێندنی کوردی لە کەرکووک بگوازرێتەوە سەر بەغدا. بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی کوردی لە بەغدا دەڵێت، گواستنەوەیان رەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراقی پێویستە.
لە کەرکووک چوار بەشی خوێندن هەیە، عەرەبی، سریانی، تورکمانی و کوردی، سێیان سەر بە ناوەندن و تەنیا بەشی کوردی سەر بە هەرێمی کوردستانە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، دوێنێ یەکشەممە 2-03-2025 یاداشت و نووسراوێکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانی لقی کەرکووکی بە واژۆی پێنج هەزار مامۆستا و فەرمانبەر بە ناونیشانی جیاوازەوە کە لە خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەوام دەکەن، ئاراستەی وەزیری پەروەردەی عێراقی کردووە.
لە نووسراوەکەدا پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوانە داوادەکەن راژەکانیان بگوازرێتەوە بۆ سەر حکومەتی فیدراڵی و مووچەکانیان لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین بەجێ بکرێت.
رێبواری تەها داوا لە ئیبراهیم نامس جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق دەکات لەوبارەوە رێکاری پێویست بگرنەبەر و ئاگاداریان بکەنەوە.
سەنا هیدایەت گەرمیانی، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رۆژی دووشەممە 03-03-2025 بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان زۆر پێویستی بە گواستنەوەی راژەی ئەو مامۆستایانە هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی کوردی، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی گواستنەوەی ئەو مامۆستایانەیە دەڵێت، لیژنەکەیان هەموو کارەکانی خۆی بۆ گواستنەوەیان تەواو کردووە، بەڵام گواستنەوەی میلاکی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی، پێویستی بە رەزامەندیی وەزارەتی دارایی عێراقە.
زیاتر لە حەوت هەزار و 350 مامۆستای خوێندنی کوردی لە کەرکووک هەن، کە مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
لە ماددەی 21ـی کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی دا هاتووە: "سەرجەم قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان ببهسترێنەوە بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ و سەرجەم کارمەند و مامۆستاکانیان بگوێزرێنەوە سەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ