رۆژی جیهانیی بیستنە؛ 400 هەزار نابیست لە عێراق و هەرێمی کوردستان دا هەن

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بیستنە. هەزاران کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، کە لەو هەستە بێبەشن.
 
موەفەق خەفاجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کەمئەندامانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 400 هەزار نابیست هەن، کە تەنیا 20%ـیان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن."
 
موەفەق خەفاجی دەڵێت، "بۆ وەرگرتنی ئەو مووچەیە، پێوەر و مەرج دانراون، کە یەکێک لەوانە هەژارییە. مووچەکەش لە 125 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات، ئەگەر کەسی نابیست ژیانی هاوژینیی پێکهێنابێت و منداڵی هەبێت، مووچەکەی بۆ 270 هەزار دینار بەرزدەکرێتەوە."
 
هەر ئەمڕۆ (دووشەممە، 3ـی ئایاری 2025) ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ژمارەی ئەو نابیستانەی لە وەزارەتەکەماندا تۆمارکراون و مووچە وەردەگرن، 3 هەزار و 257 کەسە، کە هەزار و 609ـیان نێر و هەزار و 648ـیشیان مێن."
 
ئاریان ئەحمەد گوتیشی، "بەدڵنیاییەوە ژمارەی نابیستان لە هەرێمی کوردستان زۆر لەوە زیاترە کە مووچە وەردەگرن، بەڵام تۆمارنەکراون و بەدیاریکراوی ژمارەیان نازانین."
 
نابیستان تا چ قۆناخێک دەتوانن بخوێنن؟
 
موەفەق خەفاجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کەمئەندامانی عێراق دەڵێت، "لە عێراق، کەسانی نابیست لە پەیمانگەی تایبەتدا، دەتوانن تاوەکو پۆلی 6ـی سەرەتایی بخوێنن و لە دوای ئەوە، مافی خوێندنیان نابێت و ناتوانن هیچ قۆناخێکی دیکە بخوێنن."
 
شیلان شێرزاد، وەرگێڕی كۆمەڵەی نابیستانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "لە دهۆک، هەولێر، سلێمانی و گەرمیان، چوار پەیمانگەی هیوای نابیستان هەن، کە تایبەتن بە کەسانی نابیست و مامۆستای تایبەت وانەیان تێدا دەڵێنەوە."  
 
بە گوتەی شیلان شێرزاد، "نابیستانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک دەتوانن تاوەکو قۆناخی 9ـی ناوەندی بخوێنن، لەدوای ئەوە دەتوانن لە سلێمانی لە پەیمانگە تایبەتەکانی کۆمپیوتەر بخوێنن و بڕوانامە بەدەستبهێنن. بەڵام لە گەرمیان خوێندنی نابیستان تاوەکو پۆلی 4ـی سەرەتاییە."
 
لە ساڵی 2007، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی 3ـی ئاداری هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی جیهانیی 'بیستن' دیاریکرد.