رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک بانیخێڵان رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دەربەندیخانیش دەڵێت، "کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەیش بریندارن."
ئەمڕۆ دووشەممە 3ی 3ی 2025، موقەدەم جاسم عەلی خان، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە لەسەر رێگەی سەرەکیی دەربەندیخان – کەلار روویداوە. لە نزیک گوندی بانیخێڵان دوو ئۆتۆمبێل خۆیان بەیەکدا کێشاوە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی دەربەندیخان، رووداوەکە لەنێوان تانکەرێکی سووتەمەنی و کیایەکی دووتەنی روویداوە. کیایەکە کە سێ سەرنشینی تێدا بووە، خۆی بە تانکەرەکەدا کێشاوە و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی دەربەندیخان روونیکردەوە، "دوو کەسی دیکەیش بریندارن؛ یەکێکیان برینی سەختە."
تاوەکو ئەمڕۆ پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی لە ساڵانی 2023 و 2024ـی بڵاو نەکردووەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆ، لە ساڵی 2022 دا لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ