باڵەخانەی نوێی زانکۆی کۆبانێ کرایەوە

04-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە رێوڕەسمێکدا لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، بە بەشداریی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ژمارەیەک لە دانیشتووانی شارەکە و خوێندکارانی زانکۆی کۆبانێ، باڵەخانەی نوێی زانکۆکە کرایەوە.
 
باڵەخانە نوێیەکەی زانکۆی کۆبانێ لە ساڵی 2018ـەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستانەوە بڕیاری دروستکردنی درابوو، رۆژی یەکشەممە، 3ی ئاداری 2024، لە رێوڕەسمێکدا بە فەرمی کرایەوە.
 
لە رێوڕەسمەکەدا، ژمارەیەک بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ژمارەیەک لە دانیشتووانی شارەکە و خوێندکارانی زانکۆی کۆبانێ ئامادە بوون.
 
خەلیل عەلی، هاوسەرۆکی هاوئاهەنگیی نێوان زانکۆکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە بوو و خۆشحاڵی خۆی بۆ کردنەوەی باڵەخانەی نوێی زانکۆی کۆبانێ پێشاندا.
 
بەکر جەرادە، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی کانتۆنی فوراتی سەر بە بەڕێوەبەایەتیی خۆسەریش پیرۆزبایی کردنەوەی باڵەخانە نوێیەکەی زانکۆی کۆبانێ لە خەڵکی شارەکە و خوێندکارانی ئەو زانکۆیە کرد و رایگەیاند، "کردنەوەی باڵەخانەی نۆی زانکۆکە هەنگاوێکی مێژووییە."
 
باڵەخانە نوێیەکەی زانکۆی کۆبانێ دەکەوێتە باشووری شارەکە و لەگەڵ کامپی زانکۆکە لەسەر رووبەری حەوت هەزار مەتر چوارگۆشە بنیاتنراوە کە تەنیا رووبەری باڵەخانەکە سێ هەزار مەتر چوارگۆشەیە. 
 
بۆ دروستکردنی، بڕی یەک ملیۆن و 700 هەزار دۆلار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستانەوە تەرخان کرابوو.
 
باڵەخانە نوێیەکە لە سێ بەش پێکهاتووە کە دوو بەشی بۆ خوێندکارانە و بەشێکیش بۆ بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆیە، هەروەها هۆڵێکی کۆنفرانس کە 400 کەس لە خۆ دەگرێت و کتێبخانەیەکیش لە باڵەخانەیەکەدا دروستکراون.
 
باڵەخانەکە لە 30 هۆڵی خوێندنیش پێکدێت کە لە هەر هۆڵێکدا 35-40 قوتابی دەتوانن بخوێنن.
 
زانکۆی کۆبانێ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستانەوە دامەزراوە و رۆژی 10-12-2017 تەنیا بە دوو کۆلێژی وێژە و زانستە سرووشتییەکان و سێ بەشی وێژە و زمانی کوردی، فیزیا و کیمیاوە لە نێو باڵەخانەیەکی کاتی لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان دەستی بە چالاکییەکانی کرد.
 
زانکۆی کۆبانێ ئێستا لە 12 کۆلێژ و پەیمانگە پێکدێت؛ کۆلێژی وێژە، کۆلێژی پەروەردە، کۆلێژی زانستە سرووشتییەکان، پەیمانگەی زانستە سرووشتییەکان، پەیمانگەی زانستە پەروەردەییەکان، پەیمانگەی پزیشکی، پەیمانگەی تەکنۆلۆژیا، پەیمانگەی ژمێریاری، پەیمانگەی زمان، پەیمانگەی زانستە بەڕێوەبەریی و یاساییەکان، پەیمانگەی باڵای لێکۆڵینەوەی زانستە پەروەردەییەکان و پەیمانگەی باڵای لێکۆڵینەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
 
هەروەها پیشەسازیی دەرمانسازی بۆ بەشەکانی پەیمانگەی پزیشکی زیاد کرا کە پێشتر لە سێ بەشی تاقیگە، بەنجکردن و پەرەستاری پێکدەهات.
 
هاوکات، بەشی بایۆلۆجی کە پێشتر سەر بە بەشی زانستە پەروەردەییەکان بوو و خوێندنەکەی دوو ساڵ و نیو بوو، زیادکرا بۆ سەر کۆلێژی زانستە سروشتییەکان و خوێندنەکەی ئێستا چوار ساڵە.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە