گالەری

رووداو دیجیتاڵ

لەنێو پێشانگەیەکی هەولێر، دەیان گەنج و سەردانیکار لەگەڵ بینینی دیمەنی دڵڕفێن و جوانی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان لەنێو سرووشتی کوردستان، داوا و داکۆکییان لە پاراستنیان دەکرد.
 
سێی ئاداری هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانیی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانە. لە هەولێر لە پارکی وەفایی پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بەوبۆنەیەوە کرایەوە.
 
پێشانگەکە لەلایەن رێکخراوی کوردستان فۆتۆوە رێکخراوە و تێیدا 32 تابلۆی 23 فۆتۆگرافەر لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان پێشاندران.
 
فریاد نانەکەلی، سەرپەرشتیاری پێشانگەکە بە رووداوی راگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە سرووشتی جوانی کوردستان پێشان بدەن و خەڵکیش هۆشیار بکەنەوە کە ژینگە بپارێزن. هەروەها هانی خەڵک بدەن، ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بەشێکی جوانی سرووشتی کوردستانن، راویان نەکەن.
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری پێشانگەکە، 74 فۆتۆگرافەر کارەکانی خۆیان پێشکێش کردبوون و زیاتر لە 300 تابلۆیان بۆ رەوانە کرابوو.
 
ئەرکان وڵاتژێڕی لە دەڤەری بارزانەوە بە دوو وێنە بەشداریی پێشانگەکەی کردبوو، بە رووداوی گوت، لە پێشانگەکەدا چەند وێنەیەکی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان پێشاندران، کە کەسانی ئاسایی ناتوانن بیانبینن، بۆیە پێشانگەیەکی سەرنجڕاکێشە.
 
ئەو فۆتۆگرافەرە دەڵێت، وێنەگرتنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان کارێکی ئاسان نییە، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، بۆیە دەبێت فۆتۆگرافەران شارەزاییەکی زۆریان هەبێت، "هەندێکجار مەترسی زۆر لەسەر ژیانمان دروست بووە."