لە گەڕەکی پەنجە عەلی لە کەرکووک ژمارەیەک دووکان رووخێندران

رووداو دیجیتاڵ 

لە گەڕەکی پەنجە عەلی لە کەرکووک ژمارەیەک دووکان رووخێندران، خاوەنی دووکانەکان توڕەن و دەڵێن بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێش وەختە هاتوون و دەستیان بە رووخاندنی دووکانەکان کردووە.
 
گەنجێک لەسەر شەقامی پەنجە عەلییەوە بە رووداوی گوت "لە کاژێر 10:00ـی بەیانییەوە دەستیانکرد بە رووخاندنی دووکانەکان، لەکاتێکدا هێشتا بەتاڵیش نەکرابوون."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بە رووداوی گوت "دووکانەکەی منیان رووخاند و بە بەهای 10 هەزار دۆلار زیانمان کردووە. کێ قەرەبوومان دەکاتەوە؟''
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لەو شوێنەی دووکانەکان تێیدا رووخێندراون، گوتی "بەگوتەی دووکاندارەکان وەبەرهێنەرێکی خەڵکی روومادی چاوی لەو زەویانەیە و قسەی لەگەڵ کردوون، دەیەوێت کاری وەبەرهێنان لەسەر ئەو زەوییانە بکات."
 
پەیامنێری رووداو هەروەها گوتی، ئەو لیژنەیەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 3-3-2024) هاتووە بۆ رووخاندنی دووکانە زیدەڕۆکان پێکدێت لە لیژنەی هاوبەشی قایمقامییەت، پۆلیسی خۆجێیی، بەشی پۆلیسی هەڵگرتنی زێدەڕۆ لەگەڵ چەند ئۆتۆمبێلێکی سوپای عێراق کە دەستیان بە رووخاندن کردووە، هەروەها شۆڤڵەکان، شۆڤڵی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییە."