کوردستان
کۆبوونەوەی 21ـی شوباتی 2024ـی نوێنەرانی هێزە سیاسییە براوەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرپەرشتیی سوودانى
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک بڕیارە ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە.
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری شەوی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە تێیدا تۆڕی میدیایی رووداو ئامادە بوو، رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەموو لایەنەکانی کەرکووک کۆدەبنەوە.
هەر لەو بارەیەوە نەجوا حەمید کاکەیی، نوێنەری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ "جارێکی دیکە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی کورد، عەرەب و تورکمان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە و پۆستی پارێزگاری کەرکووک."
ئەو نوێنەرەی کەرکووک گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا هەرسێ لایەنی کورد، عەرەب و تورکمان پڕۆژەی خۆیان لەبارەی بەڕێوەبردنی کەرکووک و چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە و پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەخەنەڕوو.
دوای زیاتر لە مانگێک لە پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەیتوانیوە حکومەتی خۆجێیی پێکبهێنێت و پارێزگار هەڵبژێرێت.
رۆژی 21-02-2024 نوێنەرانی هێزە سیاسییە براوەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانى کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی و محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و سەرکردە لە هاوپەیمانیی تەقەدوومی سوننەکان؛ حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق و رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیون بەشداربوون.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە لەپێناو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:
- بەهۆی گرنگیی پارێزگای کەرکووک، بەشداربووان رێککەوتن بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کەرکووک لەبەرچاو بگیرێت، پێکەوەژیان بپارێزرێت، پەیوەندیی برایەتی و هاوکاری لەنێوان رۆڵەکانیدا بەهێزتر بکرێت. دەستوور ئەو چەترەیە کە هەمووان دەپارێزێت.
- رێککەوتن لەسەر ئەوەی پەیڕەوی هاوبەشی، سازان و پەراوێزنەخستن بنەمای کاری هاوبەشیان بێت لە پارێزگای کەرکووک.
- رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک لە هەموو هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا کە ببێتە چەتری سیاسی. سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتیی دانیشتنەکانی هاوپەیمانێتییەکە دەکات تاوەکو جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی و رێککەوتن لەسەر بەرنامە و میکانیزمەکەی و پەیڕەوە نێوخۆییەکانی هاوپەیمانیێتییەکە.
- هێزە سیاسییەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە لە ماوەی حەوت رۆژدا بەڵگەنامەی کارکردن پێشکێش بکەن کە تێڕوانینی خۆیانی تێدابێت بۆ ئامادەکردنی بەرنامەیەکی تەواو بۆ پارێزگاکە و میکانیزمی گونجاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە. لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک یەکێتی 5 کورسی، پارتی 2 کورسی هەیە. لایەنە عەرەبییەکان 6 کورسیان هەیە و دابەشکردنەکە بەو جۆرەیە کە هاوپەیمانیی عەرەبی 3 کورسی، هاوپەیمانیی عرووبە کورسییەک و هاوپەیمانیی قیادە 2 کورسی هەیە؛ هەروەها تورکمان 2 کورسی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ