وردەکاریی گیانلەدەستدانی بەرپرسەکەی بەرەی تورکمانی؛ 'بۆمبی موگناتیزی بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لکێنرابوو'
رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی رۆژی هەینی لە گەڕەکی قۆرییەی کەرکووک، ئەحمەد تاهیر، بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی پاراستنی بەرەی تورکمانی لە نێو ماڵەکەیدا ئۆتۆمبێلی هاوژینەکەی تەقییەوە و گیانی لەدەستدا.
ئەحمەد تاهیر ویستوویەتی ئۆتۆمبێلی هاوژینەکەی لابدات تاوەکو رێگە بۆ دەرچوونی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بکاتەوە و لەکاتی کارپێکردنی دا تەقیوەتەوە. بەگوتەی برازاکەی، بۆمبی موگناتیزی بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لکێنراوە.
چەتین محەممەد، برازای ئەحمەد تاهیر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ئەنجامی بۆمبی موگناتیزی روویداوە. ئێمە چاوەڕێی بەیاننامەیەکی فەرمی لە هێزە ئەمنییەکان بە تایبەتی پۆلیسی کەرکووک دەکەین و ئومێدەوارین لە کەمترین دەرفەتدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بزانین و دوای ئەوە چاوەڕێین ئەو لایەنە ئاشکرا بکرێت کە لە پشت ئەم کارەوە بووە."
ئەحمەد تاهیر ساڵی 2019 لە بەرەی تورکمانی جیادەبێتەوە و لە ساڵی 2020 وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، ئەگەرچی ئەو دژی بەرەی تورکمانی بوو، بەڵام ئەو بەرەیە لە راگەیێندراوێکدا داوای ئاشکراکردنی بکەرەرانی رووداوەکەی کرد.
دوای سێ کاژێر لێکۆلینەوە، پۆلیسی کەرکووک دەڵێت "تەقینەوەکە لە رێگەی بۆمبی موگناتیزی و تەقینەوەی تانکیی گازی شلی ئۆتۆمبێلەکە بووە."
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی، "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شارەزایانی پووچەڵکردنەوەی مین پێمان گەیشتووە ئۆتۆمبێلەکە بە گازی شل کاریکردووە و لەگەڵ ئەوەشدا بۆمبی موگناتیزی پێوە لکێنراوە کە 450 بۆ 650 کەرەستەی تەقینەوەی تێدا بووە و لە رێگەی مۆبایلەوە تەقێندراوەتەوە."
ئەحمەد تاهیر 11 ساڵ ئەندامی بەرەی تورکمانی بووە، دوای وازهێنانی لەو بەرەیە سەرقاڵی دروستکردنی حەشدێکی نوێی تورکمانی بووە.