پۆلیسی راپەڕین: تەرمی منداڵێکی 7 ساڵمان دۆزییەوە شوێنی گولـلە بەسەریەوە دیارە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، تەرمی منداڵێکیان دۆزیوەتەوە کە شوێنی گولـلە بە سەریەوەیەتی. گوتەبێژی پۆلیسیش دەڵێت: "ئێمە و خێزانەکەشی تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی مردنەکەی نازانین".

رۆژی هەینی، 3-3-2023، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ تەرمی منداڵێک دۆزرایەوە کە تەمەنی حەوت ساڵە و دانیشتووی گوندی گوڵانە لە ناحیەی هەڵشۆ، کە شوێنی گولـلە بە سەریەوە دیارە".
 
منداڵەکە ناوی ( ح . س . ع ) و کوڕە. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، نە ئەوان و نە خێزانەکەی دڵنیا نین هۆکاری سەرەکیی "مردن یان کوشتنی" چی بووە، هەربۆیە تەرمەکەیان بۆ توێکاری زیاتر رەوانەی دادپزیشکی سلێمانی کردووە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەشکرد کە هەموو پرسیارەکانیان لە نموونەی "هۆکاری مردنەکەی؛ چەند وەختە گیانی لەدەستداوە" رەوانەی دادپزیشکی سلێمانی کردووە و چاوەڕوانی وەڵام دەکەن.
 
شۆڕش ئیسماعیل گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ تۆمەتبارێکیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکردووە و پەڕاوی یاساییان کردووەتەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.