کەشناسی: پلەی گەرما دادەبەزێت


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەشی پێشبینیی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما نزم دەبێتەوە. بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانیش دەڵێت، لە سلێمانی بارانبارین وەرزی بارینی رابردووی تێپەڕاندووە. 
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی شەممەوە، ئەمڕۆ هەینی، 3-3-2023، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی ئاسمان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت و لە هەندێک ناوچەش دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو؛ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەراورد بە ئەمڕۆ دادەبەزێت.
 
هاوکات ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی شەپۆلێکی لاواز و کورتمەودای بارانبارین بەشێکی پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دەگریتەوە؛ لە سلێمانیش خێرایی با چالاک دەبێت".
 
تاوەکو ئەمڕۆ هەینی لە سلێمانی 337.2 ملیمەتر باران باریوە؛ ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 318 ملیمەتر باران باریبوو. ئاسۆ کەمال گوتی: "ئەمساڵ لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان باران زیاتر لە وەرزی بارینی رابردوو باریوە و هەندیک ناوچەش نەگەیشتووەتەوە بارینی رابردوو؛ بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمساڵ بارانبارین بە لاوازی دەمێنێتەوە".
 
هەر ئەمڕۆ هەینی ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانی دووشەممە و سێشەمەی داهاتوو ئەگەری بارانبارین لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام شەپۆلەکە تاوەکو ئێستا جێگیر نەبووە".
 
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەشێکی باشووری کوردستان تێكڕای بارانبارین نەگەیشتووەتە ئاستی بارانی وەرزی بارینی رابردوو. گوتیشی: "بەگوێرەی پێشبینییەکان، لە دوای 15ـی ئادارەوە بۆ مانگی دواتریش بارانی باش لە هەرێمی کوردستان دەبارێت و ئەگەری وشكەساڵی نابێت".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پێشبینییەکانی پلەی گەرمای سبەی شەممەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بڵاوکردەوە:
 
- هەولێر؛ 21 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 21 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 20 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 24 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 21 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 21 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 20 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 25 پلەی سیلیزی