پۆلیسی کەرکووک: زیاتر لە 450 گرام تەقەمەنی لە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسەکەی پێشووی بەرەی تورکمانی بەکارهاتووە

03-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەبارەی رووداوی گیانلەدەستدانی بەرپرسێکی پێشووی بەرەی تورکمانیی لە شاری کەرکووک، رایگەیاند، "بڕی 450 بۆ 650 گرام تەقەمەنی لەو بۆمبەدا بەکارهاتووە، کە لەژێر ئۆتۆمبێلەکەدا لکێنراوە."
 
رۆژی هەینی، 3-3-2023، موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیک کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تۆکسان ئاگری گرت، بەپێی زانیارییەکانی پسپۆڕی تەقینەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک دەرکەوت تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی چێنراوی دروستکراوی نێوخۆ بووە، کە لە ئۆتۆمبێلێکدا لە جۆری ئێم جی لکێنرابوو." 
 
سەبارەت بە وردەکاریی ئەو بۆمبەی لەو رووداوەدا بەکارهاتووە، روونیکردەوە: "بڕی ئەو تی ئێن تییەی لە دروستکردنی بۆمبەکەدا بەکارهاتووە لەنێوان 450 بۆ 650 گرام بووە و چەند جۆرێک ماددەی تەقێنەر تێکەڵکراون و بەمۆبایلەوە بەستراوەتەوە، سەرباری گیانلەدەستدانی کەسێک، سێ ئۆتۆمبێل لەو رووداوە سووتاون." 
 
رۆژی 3ى ئادارى 2023، بەرەى تورکمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، کە ئەحمەد تاهیر، بەرپرسی پێشووى فەرمانگەى پاسەوانى بەرەى تورکمانى "تیرۆر" کراوە، لە رێگەى لکاندنی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە.
 
بەرەى تورکمانى داواى لە فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق و دەزگا ئەمنى و هەواڵگرییەکان کردووە، کە وردەکارى ئەو روودانەوە ئاشکرا بکەن و تۆمەتبارانى بدرێتە دادگە و هەوڵەکانیشیان چڕبکەنەوە بۆ سەپاندنى ئاسایش لە پارێزگاى کەرکووک.
 
هێزە ئەمنییەکانى کەرکوک دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە کردووە، پێشتر پۆلیسی شارەکە رایگەیاندبوو، ئەو بەرپرسەی پێشووی بەرەی تورکمانی بەهۆی تەقینەوەی گازی ئۆتۆمبێلەکەی گیانی لەدەستداوە.
 
محەممەد سەمین، گوتەبێژى بەرەى تورکمانى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو رووداوە کردەوەیەکى تیرۆریستى بووە لە رێگە بۆمبەوە کراوە و دواى بەخاکسپاردنى، وردەکارىیەکەى ئاشکرا دەکەین." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە