نێچیرڤان بارزانی بۆ سەندیکای رۆژنامەنووسان: داکۆکیکارێکی بوێری رۆژنامەڤانان بن

 
رووداو دیجیتاڵ

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان كرد و هیوای خواست کە سەندیکاکەیان "هەمیشە پارێزەر و داکۆکیکارێکی بوێری رۆژنامەوانان بێت".
 
پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 03-03-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نەقیب و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەڤانان کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا سەندیکای رۆژنامەڤانان پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانیان له‌ رابردوودا و پلانیان بۆ داهاتوو، هه‌روه‌ها ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری و ئاسته‌نگه‌كانی به‌ر‌ده‌م كاری رۆژنامه‌وانی و رێوشوێنی باشتر رێكخستنی بواره‌كه‌ به‌ جۆرێك هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان ئازادی و به‌رپرسیاریدا فه‌راهه‌م بكرێت، خسته‌ڕوو؛ هاوکات راپۆرتی ساڵی پێشێلكارییه‌كانی بواری رۆژنامه‌گه‌رييان پێشكێش به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كردووە كه‌ ساڵانه‌ له‌لایه‌ن سه‌ندیكاوه‌ ئاماده ‌ده‌كرێت.
 
نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پشتیوانیی به‌رده‌وامى بۆ سه‌ندیكا و كاری رۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌ "راستبێژی و پیشه‌ییبوونی رۆژنامه‌وانان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ زه‌مینه‌یه‌كی ئازاد و دوور له‌ فشار و پێشێلكاریدا دێته‌دی، دووپاتیشی كردووەتەوە كه‌ "گه‌لی كوردستان بۆ ئازادی خه‌باتی كردووه‌، بۆیه‌ ناكرێت ئازادیی لێ زه‌وت بكرێت، هه‌روه‌ها هیوای خواست سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان هه‌میشه‌ پارێزه‌ر و داكۆكیكارێكی بوێری رۆژنامه‌وانان بێت".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیریی خۆیشی بۆ باشتر رێكخستنی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندووە به‌ مه‌رجێك‌ کە هه‌ر هه‌مواركردنێكی یاساكه‌ دواجار‌ له‌ خزمه‌ت گونجاندنی زیاتری زه‌مینه‌ی كاری رۆژنامه‌گه‌ری بێت و پره‌نسیپه‌كانی ئازاديی رۆژنامه‌گه‌ری له‌به‌رچاوبگرێت.
 
نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی و هاوكاریی خۆی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی داهاتووی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان ده‌ربڕی و هیوای خواست ئه‌نجامه‌كانی گوزارشت له‌ خواست و به‌رژەوه‌ندیی پیشه‌یی رۆژنامه‌نووسان بكات و ده‌ربڕی خواستی ئازادانه‌ی كۆی رۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی كوردستان بێت.
 
له‌ دیداره‌كه‌دا تاوتوێكردنی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و دوا پێشهاته‌ سیاسییه‌كان و پرۆسه‌ی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له‌ به‌غدا و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌‌، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.