رووداو دیجیتاڵ
لەسەر هێنانی باری سەوزە و میوە لە دەروازە سنوورییەكانەوە، چەند رۆژێكە كێشە كەوتووەتە نێوان شۆفێرانی هێڵی دەروازی سنووریی باشماخ و عەلوەی سلێمانی. هەردوو لایەن یەكدی بەوە تۆمەتبار دەكەن کە بە نایاسایی باری سەوزە و میوە دەگوازنەوە و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش، داوا لە هەردوو لایەنەكە دەكات چاوەڕێ بن تا كێشەكەیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە هەفتەی داهاتوودا یەکلایی دەکرێتەوە.
كێشەكە پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە ماوەی نزیكەی ساڵێك زیاترە ژمارەیەك لە خاوەن دووكانەكانی عەلوەی سلێمانی كۆمەڵێك ئۆتۆمبێلیان بە كرێ گرتووە بۆ ئەوەی بارەكانیان لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە بۆ ببنە نێو عەلوەی سلێمانی.
نوێنەری شۆفێرە بارهەڵگرەكانی دەروازی سنووری باشماخ لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو ئەوەی خستەڕوو کە بە بڕیاری 17 فەرمانگە و لایەنی حكومی، شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی بۆیان نییە لە دەروازەكانەوە باری سەوزە و میوە بهێنن.
عەتا عەلی، گوتەبێژی شۆفێرانی بارهەڵگری دەروازەی سنووریی باشماخ رایگەیاند: "ئەم گرفتە زیاتر لە 10 ساڵە هەیە. لە دوای 2013وە کە قەیران سنووردار بوو، بارەکان سنووردار بوون. گرفتەکە لە هەفتەی رابردووەوە تەقیوەتەوە، ئەگەرنا ئێمە لە 2017وە سکاڵامان کردووە. دوای ئەوە پارێزگاری سلێمانی بە فەرمان لیژنەیەکی پێکهێنا کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن. لیژنەکە دواتر کۆنووسێکیان ئامادە کرد کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی عەلوەی سلێمانی لە هیچ شوێنێک کار نەکەن، چونکە مۆڵەتی فەرمییان نەبوو. ئەم فەرمانە وەزارەتیش پەسندی کردووە."
بەڵام شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی ئەوە رەت دەكەنەوە كە بۆیان نەبێت لە سەرجەم دەروازەكانەوە بار ببەن و ئەوەش باس لەوە دەکەن کە هەر لەسەر ئەو گرفتەی لەگەڵ شۆفێرانی بارهەڵگری دەروازەی باشماخ بۆیان دروست بووە، هەشت شۆفێریان بۆ چەند كاژێرێك لەلایەن شۆفێرانی بارهەڵگری باشماخەوە رفێنراون.
سەروەر عەلی، سەرۆكی لیژنەی سەندیكای عەلوەی سلێمانی لەوبارەیەوە گوتی: "ئێمە لە ساڵانی دەیەی 90ی سەدەی پێشووەوە لە دەروازەی باشماخدا کار دەکەین و ئەمان کێشەیان بۆ دروست کردووین. ئێمە دەتوانین لە دەروازە سنوورییەکانی دیکەیشدا کار بکەین."
شۆفێرانی دەروازەی سنووریی باشماخ ئەوە بە قۆرخكردنی كارەكانیان و بێرزقكردنیان ناو دەبەن و دەڵێن خاوەنی دووكانی عەلوەی سلێمانی زیانیان بەوان گەیاندووە، چونكە زیاتر لە 500 ئۆتۆمبێلیان بۆ گواستنەوەی بارەکانیان بە كرێ گرتووە بەبێ ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە مۆڵەتی كاركردنیان هەبێت.
بۆ چارەسەری ئەو كێشەیان ماوەی سێ رۆژە شۆفێرانی هێڵی دەرەوازی سنووریی باشماخ و شووشمێ و سەیرانبەن بە جیا لە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گرد دەبنەوە.
ئێستا هەردوو لایەنی كێشەكە گرفتەكەیان بردووەتە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی چاوەڕێی بڕیاری یەكلاییكەرەوە دەكەن. جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە داوا لە هەردوو لایەنی گرفتەكە دەكات بۆیەكلایی كردنەوەی كێشەكەیان چاوەڕی حكومەت و ئەنجوومەنی پارێزگای بكەن.
بەرزان محەممەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "لە کۆنووسەکەدا زۆر بە روونی بابەتەکە خراوەتەڕوو. جێبەجێکردنی کۆنووسەکە پێویستی بە پۆلیسی ناوخۆ و ئاسایش هەیە. ئێمە خۆمان بە نوێنەری هەردوو لایەن دەزانین و لەو بارەیەوە بڕیاری پێویست دەدەین. ئەوەی کارتی رێگەپێدانی نییە، نابێت بار بگوازێتەوە."
دوو رۆژە شۆفێرانی دەروازی سنووریی باشماخ لە رێگەی نێوان سەیدسادق و سلێمانی رێگە لە هاتنەناوەوەی سەوزە و میوەی عەلوەی سلێمانی دەگرن. ئەگەر ئەوە بەردەوام بێت ئەوا كێشە لە هێنانی سەوزە و میوە بۆ سلێمانی دروست دەبێت و ئەگەری سەرهەڵدانی كێشەی كۆمەڵایەتیشی لێ دەكرێت. هەر پەیوەست بەو گرفتەوە خاوەنی دووكانەكانی عەلوەی سلێمانی بڕیاریان داوە لە رۆژی هەینی 2021/03/05ـەوە دەرگای دووكانەكانیان دابخەن تاوەكو ئەو گرفتەیان لەگەڵ بارهەڵگرەكانی دەروازەی باشماخ بۆ چارەسەر نەكرێت نایانكەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ