ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: ئەوانەی بە قاچاخ دێنەوە زیان بە خانەوادەکانیان دەگەیێنن


رووداو - سلێمانی

سەرەڕای ناله‌باریی كه‌شوهه‌وا، به‌ڵام له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به ‌رێگەی قاچاخ له‌ ئێرانه‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ دەگەڕێنەوە كه‌ نایانه‌وێ بچنه‌ جێگەكانی 14 رۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ گومانلێكراوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
 
لە سنووری تەوێڵە و بیارە دەیان رێگە هەن کە قاچاخچییەکان بە شەو دەرفەت دەهێنن و گومانلێکراوانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێوە دەربازدەکەن.
 
پاش ئاشكرابوونی چه‌ند حاڵه‌تێك، ئێستا رێوشوێنی دیكه‌ گیراونەتەبەر، دانیشتووانی گونده‌ سنوورییه‌كان ده‌یانه‌وێ هێشتا رێوشوێنه‌كان تووندتر بكرێن و ده‌ڵێن، پێش هه‌موو كه‌س مه‌ترسییه‌كه‌ یه‌خه‌ی ئەوان ده‌گرێت.
 
باشووری كوردستان به ‌درێژایی 625 كیلۆمه‌تر هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا، پاراستنی ئه‌م سنووره‌ به‌رفراوانه‌ له‌ دوژمنێكی نادیاری وه‌كو ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاسان نییه‌.
 
ئاسایشی سلێمانی ده‌ستگیركردنی 15 قاچاخچیی راگه‌یاند، ئیداره‌ی شاره‌كه‌ش دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ هێشتا خه‌ڵكێكی زۆر بۆ گەڕانه‌وه‌ی له‌ ئێران، رێگه‌ نافه‌رمییه‌كان ده‌گرنه‌به‌ر، ئه‌وه‌ وه‌كو مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ ته‌ماشا ده‌كرێت.
 
ئازاد محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، ئەو کەسانەی بە شێوەی قاچاخ لە ئێرانەوە دێنەوە یەکەمجار زیان بە خۆیان و خانەوادەکانیان دەگەیەنن، بۆیە ئومێدەوارین کە هیچ کەسێک لە رێگەی قاچاخەوە نەیەتەوە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.
 
ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هێوركردووه‌ته‌، پێنج حاڵه‌ته‌كه‌ی تووشبوو به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ سلێمانی ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، هیچ حاڵه‌تێكی نوێ له‌ نێوخۆی كوردستاندا تۆمارنه‌كراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێگەی قاچاخ به ‌ته‌واوی كۆنترۆڵ نه‌كرێت، ئه‌وه‌ مه‌ترسیی تۆماركردنی حاڵه‌تی دیكه‌ له‌ئارادایه‌.