سوهێر قەیسی وەڵامی فانەکانی رووداو دەداتەوە

03-03-2016
هەڵات رێبوار
نیشانەکردن سوهێر قەیسی
A+ A-
رووداو - هەولێر 

سوهێر قەیسی، راگەیەندکاری بەناوبانگی عێراقی و هاوبەشی ناوداریی رێکخراوی جیهانیی خۆراک میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو بوو باسی لە کێشەی ئاوارەکان و کارەکانی لەمبارەیەوە کرد، هەروەها وەڵامی پرسیاری فانەکانی رووداوی دایەوە.

سوهێر قەیسی هاوبەشی ناوداری رێکخراوی جیهانی خۆراک لەبارەی هەڵبژاردنی بۆ ئەو کارە دەڵێت " رێکخراوەکە کەسانی بەناوبانگ هەڵدەبژێرێت، چونکە ئێمە لەژێر رۆشناییداین و، من ئەمڕۆ دەنگیکی کاریگەرم هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکیش بۆیە هەوڵدەدەم ئەو بارودۆخە بگەیەنم".
 
هاوبەشە ناودارەکەی رێکخراوی جیهانیی خۆراک باس لە یارمەتییەکان بۆ ئاوارەکان دەکات و دەڵێ "عێراق بە شێوەیەکی گشتی و کوردستان بە شێوەیەکی تایبەت رووبەڕووی داعش دەبنەوە و، جگە لەوەش ژمارەیەکی زۆری ئاوارە روویان تێکردووە، بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکیکی ئەخلاقی لەسەر شانە کە یارمەتییان بدات".

لەبارەی ئەوەی " بۆچی بە ئاوارەکان کاریگەرە"، سوهێر قەیسی دەڵێ " یارمەتیدانی من بۆ ئاوارەکان پەیوەندی بەوەوە نییە کە من عێراقیم، بەڵکو ئەمە کارێکی مرۆییە و پەیوەندی بە رەگەز و نەتەوە و مەزهەبەوە نییە".

ئاوارەکانی عێراق لە بارودۆخێکی زۆر خراپ دان و راگەیەندکارە بەناوبانگە عێراقییەکەش لەمبارەیەوە دەڵێ "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرەتا دەستکراوەبوو لە پێشکەشکردنی یارمەتییەکان، بەڵام ئێستا کەموکورتییەکی زۆر هەیە، ساڵی رابردوو و واماندەزانی ئەمساڵ یارمەتییەکان زیاتر دەبن، بەڵام کەمتربوون و من وەکو خۆم رازی نیم لەو هاوکارییانە".

سوهێر قەیسی کە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لەبواری پزیشکی ددان و هەندێک جار گوتارەکانی لە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاودەکاتەوە  لەبارەی یارمەتیدانی ئاوارەکان لەو رووەوە دەڵێ " راستە من بڕوانامەم لە بواری پزیشکیدا هەیە، بەڵام من راگەیەندکاریشم و هەوڵدەدەم زیاتر لەو رووەوە یارمەتی پێشکەشی ئاوارەکان بکەم و دەنگیان بگەیەنم".



 
سوهێر قەیسی وەڵامی پرسیاری فانەکانی رووداو  دەداتەوە

دوای ئەوەی هیوا جەمال، پێشکەشکاری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لە رێگەی پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک و لە پەیجی رووداویش داوای کرد فانەکانی رووداو و سوهێر قەیسی پرسیارەکانیان  لەبارەیەوە بکەن، هەزاران کەس هەموو جۆرە پرسیاریکیان ئاراستە کرد و، سوهێر قەیسیش وەڵامی بەشیکی ئەو پرسیارانەی دایەوە:

فانێک: ئایا بابەتی سەردانیکردنی ئاوارەکان نابێتە هۆی ئەوەی لە رووی رۆژنامەڤانییەوە لایەنگیری بکەیت؟

سوهێر قەیسی : نەخێر، چونکە ئەگەر بزانم هەر کارێک من لە مرۆڤایەتیی خۆم دووردەخاتەوە نایکەم، ئەو دەزگایەی راگەیاندنیش کە کاری تێدا دەکەم پاڵپشتی منن بۆ گواستنەوەی هەواڵی تایبەت بەو ئاوارانە و گەیاندنی دەنگیان.

فانێک: بینیویانی جلوبەرگی کوردیت پۆشیوە، هۆکارەکەی چی بوو؟ 

سوهێر قەیسی: سەردانی خزم و کەسم دەکرد، براکانم نیوە کوردن و لەوەتەی منداڵیشم سەردانی کوردستان دەکەم و کەمێک کوردی تێدەگەم، بۆیە کە دێمە ئێرە جلوبەرگی کوردی دەپۆشم و پێشم جوانە.

فانێک: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک جار بە زمانی کوردی پۆست دەکەین، ئایا خۆت ئەمانە دەنووسیت؟

سوهێر قیسی: نەخێر، کەسێک یارمەتیم دەدات، چونکە من هەواداری زۆرم لە کوردستان هەیە بۆیە حەزدەکەم لەبەر ئەوان بە زمانی کوردیش شت بڵاوبکەمەوە و زۆریش شانازی بەوەوە دەکەم، هەروەها خوشکێکم هاوژینەکەی کوردە و منداڵاکانیشی کوردن و، باوکم پێش دایکم هاوژینێکی دیکەی هەبووە کە کورد بووە و من برای کوردم هەن و لەگەڵ کورددا تێکەڵم.

فانێک: هیچ پەیوەندییەکت بە بەرپرسانی کوردستانەوە هەیە؟ 

سوهێر قەیسی: زۆر بەرنامەم لە بارەی عێراق کردووە و پەیوەندی باشم لەگەڵ بەرپرسان هەیە، بەڵام ئەمە بەهەڵە لێکدانەوەی بۆ کراوە.

فانێک: جوانییەکەت زۆر کاریگەری لە دەرکەوتنەکەت هەیە؟

سوهێر قەیسی: نەخێر، چونکە راستە جوانیم هەیە، بەڵام کاریگەریشم هەیە و من جوانترین کەس نیم لە جیهان، بۆیە دەزگایەکی راگەیاندنی وەکو MBC سەرکێشی بەوەوە ناکات کەسێکی وەکو من لەسەر جوانییەکەم وەربگرێت و، من خۆم ناوی خۆمم دروستکردووە، نە پشتم بە ناسیاو بەستووە نە بە جوانیشەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا من کەسێکی موحافیزم.

فانیک : ئایا لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانی؟

سوهێر قەیسی: لەگەڵ ئەوەدام هەموو کەسێک لە بۆچوونی خۆیدا ئازادبێت و دەشمەوێت پێکەوەژیان لە هەموو عێراقدا هەبێت، بەڵام پرسی سەربەخۆیی پرسێکی سیاسییە و ناتوانم قسەی لەبارەوە بکەم.

فانێک: نەشتەرگەری جوانکاریت کردووە؟

سوهێر قیسی: ئێوە وێنەکانی منداڵیی منتان بینیوە و شتێکی ئەوتۆم نییە کە گۆڕابێت، بێگومان من کە گەورە دەبم پێویستم بە جوانکاری دەبێت، بەڵام جوانکاری تەنیا بۆ ئەو شوێنانە دەکەم کە پێویستیان پێیەتی و لەگەڵ ئەوەشدا نیم بەیەکجاری رووخسارت بگۆڕیت.

فانێک : حەزت لە چ خواردنێکی کوردییە؟

سوهێر قەیسی: برنج بە سرکەم حەزلێیە و خواردنێکی دیکەش کە زستانان دروستی دەکەن، بەڵام نازانم ناوی چییە، بەشێوەیەکی گشتی خواردنە کوردییەکان زۆر خۆشن و، جارێک سەرۆکی پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانی، بانگهێشتی کردم و قەلیان بۆ لێنام ئەمە زۆر زۆر خۆشبوو و، قەل یەکێکە لە خواردنە خۆشەکانی ئێوە.


 

 










کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە