رووداو دیجیتاڵ
ماوەیەکە لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان قەیرانی پەتاتە سەریهڵداوە و نرخی یەک کیلۆ 58٪ زیادیکردووە و خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
دووشەممە، 3ی شوباتی 2025، جوبرائیل بەرادەری، سەرۆکی کۆمەڵەی جووتیارانی پارێزگای تاران لە بارەی قەیرانی پەتاتە و بەرزبوونەوەی نرخەکەی راگەیاند، وڵاتەکەی لە بەرهەمهێنانی پەتاتەدا لە ئاستی خۆبژێویدایە، بەڵام ئەوەی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەم بەرهەمە، هەناردەکردن و درەنگ چاندنی پەتاتە بووە.
جوبرائیل بەرادەری گوتی: "بە گوێرەی ئامارەکان، لە نۆ مانگی رابردوودا زیاتر لە 370 هەزار تۆن پەتاتە هەناردە کراوە بەمەش بەرهەمە کەم بووەتەوە".
بەگوتەی جوبرائیل بەرادەری، نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە لە ساردخانەکانی پارێزگاکانی هەمەدان، سنە، زنجان، کرماشان و تاران هەڵگیراون و بە گوێرەی پلان، قۆناخ بە قۆناخ دابەشی سەر بازاڕەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی نرخی پەتاتە کۆنترۆڵ و جێگیر بکرێت.
بەرادەری، گوتی: "ئەوەی بووە هۆی هەڵاوسانی بازاڕی پەتاتە و بەرزبوونەوەی نرخەکەی، گۆڕانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و رانەگرتنی هەناردەکردنی سەوزە و میوەی هاوینەیە."
ئەم قسانەی سەرۆکی کۆمەڵەی جووتیارانی پارێزگای تاران لە کاتێکدایە کە فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران سەبارەت بە گرانوونی پەتاتە رایگەیاندبوو، "نرخەکان کۆنترۆڵ دەکرێن و هەندێک جار خەڵک زیاتر لەوەی پێویستیان پێیەتی دەیکڕن".
نزیکەی 10 رۆژە نرخی پەتاتە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە و نرخی هەر کیلۆیەک پەتاتە لە 20 هەزار تمەنەوە بووەتە 60 هەزار تمەن. تەنانەت لە تارانی پایتەختی ئێران، گەیشتووەتە 80 هەزار تمەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ