رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، مانگرتووان دۆخی برسیکردن و ستەمی بێ پاساوی بەو دیمەنە ناخهەژێنە، نمایش دەکەن.
دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بە دڵێکی نیگەران و هەستێکی بە حەسرەتەوە، پەیامێکی برایانەی هاوسۆزی و نرخاندن دەنێرم بۆ ئەو خوشک و برا بەڕێزە مانگرەی، کە لەبری هەموو هاووڵاتییانی کوردستان بەم سەرما و سۆڵەیە خۆیان خستووەتە ناڕەحەتی و مەترسی تەندروستییەوە."
سەلاحەدین بەهائەدین دەڵێت، ئەو مانگرتووانە هەوڵدەدەن، "حاڵەتی برسیکردن و ستەمی بێ پاساوی ئەم هەرێمە بەو دیمەنە ناخهەژێنە نمایش بکەن و بیکەنە پەیامی سکاڵای حاڵی ئەم میللەتە بە گشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی بگەیێننە هەموو جیهان، وەک شێوازێکی سەردەم و ئاشتییانە."
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو نووسیویەتی، "دروود بۆ ئەو هیممەتە بڵند و فەرهەنگە باڵایەتان، سڵاو بۆ هەموو ئەوانەی هاوسۆز و هاوکارتانن؛ لە چالاکڤان و میدیاکار و سیاسەتمەدار و مافپەروەران و مرۆڤدۆستان. بەهیوای بەئاگاهاتنەوەی دەسەڵاتدارانی بێباک و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا."
ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لە سلێمانی، ماوەی هەفتەیەکە مانیان لە خواردن گرتووە و تەنیا ئاو و چا دەخۆنەوە؛ تەندروستییان زوو زوو تێکدەچێت و تیمەکان فریایان دەکەون؛ داواکاریی ئەو مانگرتووانە باشبوونی دۆخی مووچە و دابەشکردنیەتی لەکاتی خۆیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ