رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەڵەبجە رایگەیاند، ئەمڕۆ هیندستان زیاتر لە یەک تۆن و نیو پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی نارد.
دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر بە لیستێک پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکەیان بە کۆنسووڵی هیندستان داوە، ئەوانیش ئەمڕۆ بۆیان دابین کردوون.
بەگوتەی نوخشە ناسیح، پێداویستییە پزیشکییەکان زیاتر لە یەک تۆن و نیو دەبن، زۆرتر دەرمانە و بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییە، بە تایبەتی ئەوانەی رەبۆیان هەیە و تەنگەنەفەسن. گوتیشی: "ئەو پێداویستیانە بەشی یەک ساڵی نەخۆشەکان دەکات".
یەکەم جارە هیندستان ئەو پێداویستیانە بۆ هەڵەبجە دەنێرێت. قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، "پێیانڕاگەیاندین بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنمان."
808 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە هەرێمی کوردستان هەن. نوخشە ناسیح گوتی: "ئەو کەسانەی کە رێژەی برینداربوونیان زۆرە و تەنگەنەفەسن ئەم هاوکاریانە وەردەگرن."
لە 16ی ئاداری 1988 دەسەڵاتی بەعس هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی بۆردوومانکرد و زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەھید بوون و 10 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ