رووداو دیجیتاڵ
لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەڵێن "مانگی رابردوو، خاوەنی 44 موەلیدە سزادراون."
رۆژی دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، هەکار هرووری، نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "خاوەنی 17 موەلیدە لە پارێزگای دهۆک سزادراون، بەهۆی بەکارنەهێنانی گازی پاک و پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی پاراستنی ژینگە؛ هەروەها بەهۆی ئەوەی لە کاتی خۆیدا کارەبایان بە هاوبەشان نەداوە."
نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک دەڵێت "لە شاری دهۆک، 380 موەلیدە و لە تەواوی پارێزگاکەش 1800 موەلیدە هەن."
"لە پارێزگای هەولێر خاوەنی موەلیدەکان بە یەک ملیۆن تاوەکو سێ ملیۆن دینار سزادراون"
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، "مانگی رابردوو، 15 خاوەن موەلیدە سزادراون."
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر گوتیشی "پێنج، لەو موەلیدانەی سزادراون موەلیدەی چێشتخانەکان بوون و سزادانەکەش بە یەک ملیۆن تاوەکو سێ ملیۆن دینار بووە. خاوەنی چوار میوانخانەش بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە کە ئەگەر کەمتەرخەمییەکە دووبارەبێتەوە، سزادەدرێن."
لە شاری هەولێر 1157 موەلیدە هەن. لە پارێزگای هەولێر ژمارەی موەلیدەکان دەگاتە 2650 موەلیدە.
12 موەلیدە لە سلێمانی سزادراون
هاوکات گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە رووداوی گوت "وەک لیژنەی چاودێریی کاری موەلیدەکان، 172 سەردانمان کردووە؛ 12 موەلیدە سزادراون و نووسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا کردووە، کە کاژێرەکانی کاردکردنیان کەمتر بۆ هەژمار بکرێت".
لە سنووری شاری سلێمانی 610 موەلیدە هەن.
بەگوێرەی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، هەر موەلیدەیەک دەنگی بەرزبێت یان دووکەڵ بکات یان دەوروبەری خۆی بە گازوایل پیس بکات، خاوەنەکەی لەنێوان 250 هەزار بۆ ملیۆنێک دینار سزا دەدرێت.
12ـی مانگی رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ژینگە کۆبووەوە و، رایسپاردن بۆ جێبەجێکردنی چوار بڕیار، کە دووانیان پەیوەست بوون بە داخستنی پاڵاوگەکان و ئەو موەلیدانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە.
هەمان رۆژ، حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار بڕیاری بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دەرکرد، کە بریتین لە:
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کاربکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئۆتۆمبێل بەرهەمدێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستیی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا پابەندی رێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت، کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ