لە یادی رۆژی ئەفەندی لە هەولێر 50 تابلۆی کەسایەتییەکانی شارەکە بە سیدارەوە نمایشکران

رووداو دیجیتاڵ 

بە گوتنەوەی گۆرانیی ئەفەندی، یادی رۆژی ئەفەندی لە هەولێر کرایەوە. لە یادەکەدا 50 تابلۆی کەسایەتییە نێودارەکانی هەولێر لە پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان بە سیدارەوە نمایشکران، چونکە نزیکەی 100 ساڵ پێش ئێستا ئەوەی سیدارەی لەسەرکردبێت، پێی گوتراوە "ئەفەندی." 
 
شێرزاد رەسوول، سەرپەرشتیاری یادی رۆژی ئەفەندی لە هەولێر بە رووداوی گوت "ئێمە دەمانەوێت شکۆ و رێزی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە بە زیندوویی بمێنێتەوە، بۆیە ساڵانە ئەم یادە لە هەولێر و بەغدا بەرز رادەگیرێت."
 
ساڵی 1925 لە سەردەمی پاشایەتی لە عێراق بڕیاردرا مامۆستایان، فەرمانبەرانی دەوڵەت و قوتابیان کڵاوی سیدارە لەسەربکەن، ئەوەش بۆ جیاکردنەوەیان لە خەڵکی ئاسایی و وازهێنان لە کڵاوی جۆری تەڕبووش، کە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە عێراق لەسەردەکرا.
 
دوای ئەوەی لەسەردەمی پاشایەتی لە عێراق بڕیاردەدرێت، مامۆستایان و فەرمانبەرانی دەوڵەت سیدارە لەسەربکەن، یەکەمین ئەو شوێنانەی مامۆستا و قوتابیان سیدارەیان تێدا لەسەرکرد، قوتابخانەی هەولێری یەکەم (ئەربیل ئولا) بوو.
 
ساڵی 1928، لەسەر پێشنیازی کوردێک لەسەرکردنی سیدارە بە یاسایی کرا، مەعروف چیاووک ئەوکات وەک نوێنەری هەولێر، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە و پێشنیازیکردووە لەسەرکردنی سیدارە بەیاسایی بکرێت، لەجێگەی ئەوەی لە ئیتاڵیا و ئەوروپاوە بهێنرێت، هەر لە نێوخۆ بدوورێت.
 
مامۆستا جوان موخلیس، خزمی مەعرووف چیاووکە و چیرۆکەکەی بۆ رووداو باس دەکات، دەڵێ "ئەو سیدارەیێک لە هەولێر دروستدەکات و لەگەڵ خۆیدا دەیباتە بەغدا، پێشانیان دەدات و دەڵی سەیربکەن، ئەو سیدارەیە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو سیدارانەی بە کۆمەڵێک پارە لە ئیتاڵیاوە دەیانهێنین، ئەوە خۆماڵییە، با ئەوە بەکاربهێنین باشترە."
 
ئێستا مام خەلیل، تاکە بەرگدرووە کە لە هەولێر ماوە و سیدارە دەدوورێت. ئەو دەڵێ "کورد لەسەری دەکات، تورکمان و عەرەب و نەتەوەکان هەمووی لەسەری دەکەن، بەتایبەتی لە بەغدا، ئەوانەشی مەقامات لە بەغدا دەڵێن، زۆر لەسەری دەکەن."
 
ئەگەرچی پێشتریش وشەی ئەفەندی بەکارهاتبوو، بەڵام لە دووی شوباتی 1936، حکومەتی عێراق بڕیاریدا ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی سیدارە لەسەردەکەن، پێیان بگوترێت ئەفەندی.