لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە خۆشیی بەفربارین هەڵپەڕکێ دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەفر هۆکارێک بۆ کەیفخۆشی. ئەم رۆژانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەیفی زۆر کەس بە بارینی بەفر ساز بووە. خەڵکی لێکدی کۆکردووەتەوە؛ لە شاری ئێوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، تاوەکو شاری ئیلام و بۆ کرماشان، لە زۆر شوێنی دیکەش لەم سەرمایەدا هەڵپەڕکێ گەرمە.
 
هاونیشتمانیێک لەنێو بەفر رێدەکات و تەنیا شۆرتێکی لەبەردایە، دەڵێ "ئەمڕۆ 13ـی رێبەندانی 1402ـە. گرنگ نییە هەوا خۆرەتاو بێت یان بەفر ببارێت، گرنگ ئەوەیە دڵت خۆش بێت."
 
لە زۆر ناوچەی پارێزگەکانی ئیلام و کرماشان، بارینی بەفر لەم ساڵانەدا کەمبووەتەوە، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەفری زۆریش دەبارێت، بەفر دیسان هۆکاری شادی و خۆشییە. هاونیشتمانییان ئەگەر شایی و ئاهەنگیش نەگێڕن، بە خلیسکێنە و لێکدی کۆبوونەوە و شێوازی دیکە، خۆشی دەردەبڕن.
 
لەم رۆژانەدا زۆر ڤیدیۆ بڵاوبوونەتەوە کە خەڵک نیشاندەدەن بە شێوازی جیاواز خۆشی خۆیان بە بارینی بەفر دەدەبڕن. شارەزایانی ئەنجوومەنی دەروونناسیی ئەمریکا لە توێژینەوەیەکدا دەڵێن، بارینی بەفر و باران، بەتایبەتی بارینی بەفر، کاریگەریی زۆری لەسەر شادی، ئارامی و ئۆقرەیی خەڵک دەبێت.
 
ناسر قاسم زادە، دەروونناس، دەڵێ: رەنگی سپی رەنگی ئارامییە، ئێستاش دوای زۆر رووداوی تاڵ و ناخۆش، هۆکارێکە بۆ ئارامی و ئۆقرەیی خەڵک. ئەو دەڵێت: بارینی بەفر و باران ورەی خەڵک بەهێزتر دەکات و وادەکات خەڵک باشتر کاروبارەکانیان راپەڕێنن.
 
لەهەمان کاتدا هەر بەگوتەی ناسر قاسم زادە، ئەم تایبەتمەندییە تەنیا تایبەت بەو ناوچانەیە کە بەفری کەمی لێدەبارێت و ئەگەر بەفر بەردەوام ببارێت و ژمارەی رۆژە خۆرەتاوەکان کەم ببنەوە، دەبێتە هۆی خەمۆکی.
 
لە رۆژی پێنجشەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.
 
مورتەزا زەرابی، لە رێکخراوی کەشناسیی ئێران رایگەیاند "چاوەڕوانین سبەینێ لە هەندی ناوچەی ئازەربایجانی رۆژئاوا، پارێزگای کوردستان و تەنانەت زەنجانیش بەفر ببارێت. پێشبینیی دەکەین شەپۆلی داهاتووی بارینی بەفر و باران لە رۆژی سێشەممەوە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا و رۆژئاواوە وڵات بگرێتەوە."
 
بەم پێیە هێشتا دەرفەت بۆ شای و داوەت و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەنێو بەفردا، ماوە.