رووداو دیجیتاڵ
سوپای تورکیا گیانلەدەستدانی یەکێک لە سەربازە بریندارەکانی هێرشەکەی رۆژی 12ـی مانگی رابردووی گەریلاکانی پەکەکە بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی شوباتی 2024، وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی عەریف قادر دینگیل راگەیاند، کە یەکێک بوو لەو چوار سەربازە بریندارانەی لە هێرشەکەی ئێوارەی 12ـی کانوونی دووەمی 2024 بەدەست گەریلاکانی پەکەکە لە بنکەی سەربازیی زاپ بە سەختی برینداربوو. بەمەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی سوپای تورکیا لە هێرشەکەی زاپ، بۆ 10 سەرباز بەرزبووەوە لەگەڵ برینداربوونی سێ سەربازی دیکە.
وەک لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 133 سەرباز.
رۆژی 2ـی شوبات، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە ئامانجکردنی دوو گەریلا لە ناوچەی مەتین لە خاکی هەرێمی کوردستان بە درۆنە شەڕکەرەکانیانەوە راگەیاند.
رۆژی 1ـی شوبات، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە، ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2024 ئاشکراکرد و گیانلەدەستدانی 3 گەریلا و کوژرانی 99 سەربازی راگەیاند.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ