محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت، چارەسەری کێشەکانی کورد لە بەغدا نییە

03-02-2024
هیدایەت جان
 محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان.
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا "هیچ سەرۆکوەزیرانێکی عێراقی نوێ، هێندەی محەممەد شیاع سوودانی دژی کورد کاری نەکردووە" و ئەو بیرۆکەیەش بە هەڵە دەزانێت کە "چارەسەری هەموو کێشەکان لە بەغدایە".
 
رۆژی شەممە، 3ـی شوباتی 2024، دەزگای چاودێر لە سلێمانی کۆڕێکی بۆ محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رێکخستبوو بۆ خستنەڕووی بژارەکان بۆ چارەسەریی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
 
محەممەد حاجی مەحموود رایگەیاند، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس کە عێراقێکی نوێ درووستبوو، کورد وەکو پێویست نەیتوانی ئەو هەلە زێڕینە لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە.
 
سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، خۆمان چووینەوە بەغدا و پەیوەندییان بە ئۆپۆزسیۆنی عێراقییەوە دەکرد بۆ ئەوەی لە ئەوروپا و ئەمریکا بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی عێراق دروستبکەینەوە، ئەمەش یەک لەو هەڵانە بوو بەسەر ئێمەی کورددا تێپەڕی.
 
محەممەد حاجی مەحموود ئاماژەی بەو هەوڵانەدا کە کورد لە نووسینەوەی دەستووری عێراق کردی "بە هەڵە ئەنجامیداون" و گوتی، نەچەسپاندنی مافی کورد وەکو نەتەوە، دیارینەکردنی سنووری کوردستان و کۆمەڵێک خاڵی بنەڕەتی دیکە کە بۆ کورد رۆڵی یەکلاکردنەوەی دەبینی و دەمانتوانی لە دەستووردا بیگونجێنین، نەمانکردن".
 
بە گوتەی محەممەد حاجی مەحموود، مادەی 140 یەک لەو هەڵانە بوو کورد لەنێو دەستووری عێراقدا گونجاندی و پێیوایە، "ئەگەر ئەو ناوچانە داگیرکراون، رۆژێک دێت کورد هێزی هەبێت و بە زەبری هێز بەدەستیان بهێنێتەوە، بەڵام داننان بە مادەی 140 وەکو ئەوەیە تۆ لە رێگەی یاساییەوە ئەو ناوچانە پێشکێشی عێراق بکەیت، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت لە زۆربەی ئەو ناوچانە کورد دەنگی پێویست ناهێنێتەوە".
 
سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کاتێک حکومەتی سوودانی دامەزرا، "هەموو وایانزانی دوو هەنگیان لە دارێکدا دۆزیوەتەوە و بەپەلە پێشوازی و پیرۆزباییان لێکرد، بەبێ ئەوەی رێککەوتنی لەگەڵ بکەن و ئایندەی رێککەوتنەکە دیاریبکەن".
 
ئەو کەسایەتییە سیاسییە پێیوایە؛ "سوودانی یەک لە کاریگەرترین سەرۆکوەزیرەکانی عێراقە کە دژی کورد کاریان کردووە" و دەشڵێت؛ "سوودانی لەگەڵ پاریس و تورکیا رێککەوت بۆ راگرتنی نەوتی کوردستان و توانی سەرچاوەی داهاتی خەڵکی کوردستان وشکبکات، لەلایەکی دیکەشەوە لە رێگەی خەرجنەکردنی بودجەی کوردستان و گوشارخستنە سەر کورد لە ناوچە دابڕاوەکان دژی ئێمە جووڵایەوە". 
 
محەممەد حاجی مەحموود ئەو تێڕوانینە بە دروست نازانێت کە دەڵێت هەموو چارەسەرەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و رایدەگەیێنێت؛ "هیچ میلـلەتێکی ژێردەستە ناتوانێت چارەسەری هەموو گرفتەکانی خۆی بکات، مەگەر ئەوکاتەی سەربەخۆ و ئازاد بێت و خۆی چارەنووسی خۆی دیاریبکات".
 
زیاتر روونیدەکاتەوە؛ "ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ بەغدا نییە، بەڵکو پرسێکمان هەیە کە عێراق کێشەی لەگەڵ ئەو پرسەی ئێمە هەیە، بۆیە پێموایە ئەگەر پێمان وابێت عێراق کێشەکانمان چارەسەر دەکات، هەڵەین. ئەوەش کە ئێستا باس دەکرێت پینە و پەڕۆیە، ناکرێ رۆژێک لەگەڵ بەغدا رێکبکەوین و سبەی ئەو پەشیمان ببێتەوە".
 
بە گوتەی سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، "ئێستا عێراق کەسایەتی کوردی بە جۆرێک تێکشکاندووە کە هیچ ئیرادەیەکی بۆ نەهێشتووەتەوە و وای لێکردووە چاوی بەردەوام لە بەغدا بێت و بزانێت مووچەکە هات یان نەهات".
 

 

.

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."