حەوت گولـلە تۆپ لە گوندێکی سنووری قەزای ئامێدی کەوتنە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای دوو کاژێر لە شەڕەتەقەی بەردەوامی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە چیای کابنێرکێ لە سنووری ناحیەی کانی ماسێی قەزای ئامێدی، حەوت گولـلە تۆپ لە ناوەڕاستی گوندی راڤینا کەوتنە خوارەوە.
 
دانیشتوویەکی ئەو گوندە زانیارییەکانی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە.
 
عوبەید موسا دانیشتووی گوندی راڤینا بۆ رووداوی باسکرد، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، گولـلە تۆپەکان لە گوندەکەیاندا کەوتوونەتە خوارەوە.
 
لەبارەی زیانەکانەوە، ئەو هاونیشتمانییە گوتی، هیچ زیانێکی گیانی لەنێو گوندەکەدا نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆپەکان لە ناوەڕاستی گوندەکە دراون، خەڵکەکە ترساون و نیگەرانن لە بارودۆخەکە.
 
لەبارەی سەرچاوەی هاویشتنی ئەو گولـلە تۆپانەشەوە، عوبەید موسا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە نازانین لە کام لایەنەوە هاوێژراون و لە چ شوێنێکەوە ئاراستە کراون". داواشی کرد، ئەو شەڕە نەخرێتە نێو گوندی ئەوانەوە تاوەکو نەبنە قوربانی.