پۆلیسی وان تەقە لە هاونیشتمانییەک دەکەن و برینداری دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

موعەزەز ئۆرهان، پەرلەمانتاری هەدەپەی وان دەڵێت، پۆلیسی تورکیا لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە، بەوهۆیەوە هاونیشتمانییەک بریندار بووە.
 
رووداوەکە شەوی پێنجشەممە 2ی شوباتی 2023 لەسەر رێگەی وان - قەلقەلی روویدا. 
 
هاونیشتمانییەک بەناوی عەزمی یڵدز، لەکاتی گەڕانەوەی لە سەردانی کەسوکارەکەی، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی مەدەنییەوە تەقەی لێدەکرێت. دوای ئەوەی یڵدز بریندار دەبێت، پۆلیس لە ئۆتۆمبێلەکە دەریدەهێنن و لێی دەدەن.
 
موعەزز ئۆرهان، پەرلەمانتاری هەدەپەی وان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاندووە: "عەزمی یڵدز کە شەوی رابردوو لە سەردانی کەسوکاری دەگەڕایەوە، ترسی لێ نیشت کاتێک بینی دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی مەدەنی لەسەر رێگەی وان - قەلقەلی بەدوایدا دەڕۆن، پۆلیسەکان لە نێو ئۆتۆمبێلەکانیانەوە تەقەیان لێکردووە. دوای ئەوەی یڵدز بریندار دەبێت لە ئۆتۆمبێلەکە دەریدەهێنن و لێی دەدەن. ئێستا لە نەخۆشخانەیە. خوا بیپارێزێ. لەم وڵاتەدا ئاسایشی هیچ کەسێك پارێزراو نییە." 
 
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا تۆماری ڤیدیۆیی عەزمی یڵدز لە نەخۆشخانە بڵاوکراوەتەوە کە قاچی برینداربووە و باس لەوە دەکات کە دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنی دوای کەوتوون و لێیانداوە.