رۆژانە زیاتر لە 4500 تۆن زبڵ لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژانە زیاتر لە چوار هەزار و 500 تۆن زبڵ لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە. لە سلێمانی و دهۆک لە رێگەی ریسایکلینەوە سوود لە زبڵ وەردەگیرێت و لە هەولێر و هەڵەبجەش زبڵەکە دەخرێتە ژێر خاک.
لە هەرێمی کوردستان زۆرترین بڕی زبڵ لە هەولێر کۆدەکرێتەوە کە رۆژانە نزیکەی دوو هەزار و 500 تۆنە؛ هەروەها لە سلێمانی رۆژانە زیاتر لە 1000 تۆن، لە دهۆک رۆژانە نزیکەی 455 تۆن و لە هەڵەبجەش رۆژانە نزیکەی 55 تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە.
لەنێوبردنی زبڵ لە هەرێمی کوردستان
بەشێک لەو زبڵەی کۆدەکرێتەوە دەخرێتە ژێر خاکەوە و بەشێکیشی لە رێگەی کارگەکانی ریسایکلینەوە سوودی لێوەردەگرێت. سیامەند کەریم، گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەولێر تاوەکو ئێستا کارگەی ریسایکلین نییە. ساڵانی رابردوو زبڵمان دەسووتاند، ئەوە بوو بۆنێکی ناخۆشی هەبوو. ئێستا زبڵەکە دەخەینە ژێر خاکەوە".
سیامەند کەریم دەڵێت، ئەو شوێنەی ئێستا زبڵی تێدا دەخەنە ژێر خاکەوە بیریان بۆ لێداوە بۆ ئەوەی گازەکەی دەربچێت و مەترسی دروستنەکات. گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا ئەگەر بیەوێت بۆ کارەبا دەتوانێت سوود لەو گازە وەربگرێت".
لە سلێمانی و دهۆک کارگەی ریسایکلین بۆ لەنێوبردنی زبڵ هەیە
هاوکات زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانە زیاتر لە هەزار تۆن زبڵ لە سلێمانی کۆدەکرێتەوە. لەو رێژەیە زیاتر لە 80%ـی لە رێگەی کارگەی ریسایکلینەوە سوودی لێوەردەگیرێت".
هەروەها ئیسماعیل مستەفا، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە ئەو زبڵەی کۆی دەکەینەوە رۆژانە 455 تۆنە و لە رێگەی ریسایکلینەوە ماددەکان لە یەکتر جیادەکرێنەوە و جارێکی دیکە سوودیان لێوەردەگیرێت".
هەڵەبجە کراوە بە دوو زۆنەوە و هەر رۆژە و زۆنێکی زبڵەکەی کۆدەکرێتەوە. سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت، بە هەردوو رۆژەکە 110 تۆن زبڵ لە شارەکەدا کۆدەکرێتەوە.
سەیید حەکیم هانەسوورەیی، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە تاوەکو ئێستا زبڵ فڕێی دەدەینە نێو دۆڵەکانی سنوورەکەوە و دواتر خۆڵی بەسەردا دەکەین، کە شێوەیەکی ناتەندرووستە. پڕۆژەیەکی نوێمان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەو پڕۆژەیە کارمان نەکردووە، کە بەشێوەیەکی تەندروست زبڵەکە ژێرخاک دەخرێت و خۆڵی بەسەردا دەدرێت و دەکوترێتەوە".
ئاوارە عەلی حەسەن، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنوورەکەیان رۆژانە زیاتر لە 400 تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە. گوتیشی: "کارگەی ریسایکلینمان نییە؛ بەڵام بەشێوەیەکی هونەری و دوور لە ئاو ژێرخاکی دەخەین و بە خۆڵ دایدەپۆشین".
هاوکات، بارزان کەریم، سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژانە زیاتر لە 400 تۆن زبڵ لە سنوورەکەیان کۆدەکرێتەوە. گوتیشی: "ئێمە زبڵ لە چاڵدا دادەپۆشین، کە شێوازێکی زانستی نییە و لە ساڵانی داهاتوودا بەهۆی نەبوونی کارگەی ریسایکلین و نەمانی شوێن بۆ داپۆشینی زبڵ رووبەڕووی گرفتی جیدیی ژینگەیی دەبینەوە".
لە هەرێمی کوردستان کۆکردنەوەی زبڵ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دراوە بە کەرتی تایبەت و هەر شارێک یان زیاتر لەلایەن کۆمپانیایەک یان زیاترەوە زبڵەکەی کۆدەکرێتەوە.