نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە نادیە موراد کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ نادیە موراد رایگەیاند لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن و کار دەکەن بۆ ئەوەی کێشەی کوردانی ئێزدی و ناوچەی شنگال چارەسەر بکرێن و لەو بارەیەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو هاوکاری و هاوئاهەنگییەکی پێویست دەکەن.
لە دیدارێکدا لەگەڵ نادیە موراد، چالاکڤانی کوردی ئێزدی و رزگاربووی دەستی داعش و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە رۆژی چوارشەممە 2021-02-03 لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی نادیە مورادی لەپێناو خزمەتکردنی ئێزدییان بەرز نرخاند.
نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریکردنی هەر کار و پرۆژەیەکى نادیە موراد بۆ خزمەتکردنی ئێزدییان دەربڕی. لای خۆیەوە نادیە موراد سوپاس و پێزانینی بۆ هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرەوپێشبردنی دۆسیەی کوردانی ئێزدی و خزمەتکردنیان دەربڕی.
هەروەها لە دیدارەکەدا پرسی گێڕانەوەی کۆمەڵێک روفاتی قوربانییانی ئێزدی بۆ گوندی کۆچۆ و رێککەوتنی شنگال و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە کاروباری ئێزدییانەوە باس کران.