مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان بۆ توێژینەوە لە سپێرمی نێرینە بڕوانامەی داهێنانی پێبەخشرا

03-02-2021
هەڵۆ محەممەد
هەڵۆ محەممەد
نیشانەکردن زانکۆی گەرمیان داهێنان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پلاندانان و دەزگای پێوانەکاری و دەزگای کوالێتی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق بڕوانامەی داهێنانی بەخشیە مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان.
 
د. راماڵ ئەحمەد، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی پلاندانان و دەزگای پێوانەکاری و دەزگای کوالێتی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق بەهۆی توێژینەوەکەمەوە لەبارەی سپێرمی نێرینەوە بڕوانامەی داهێنانی بەخشیە بەندە."
 
د. راماڵ ئەحمەد گوتی: "ئەو بڕوانامەیە دوای ئەوە دێت لە توێژینەوەیەکی نوێمدا کە بەشێک بوو لە تێزی دکتۆراکەم، جۆرێک لە چارەسەری گرفتی سێکسی و هۆرمون و ژمارەی سپێرم و شێوە و قەبارەی سپێرمەکانم لە نێرەی مشکی تاقیگەییدا دۆزیوەتەوە."
 
داهێنانەکە بریتیە لە بەکارهێنانی گیراوەی رووەکی سرووشتی و پزیشکی دوای تێکەڵکردنی لەگەڵ بەرهەمێکی شیرەمەنی (ماست) بۆ چارەسەرکردنی گرفتی سێکسی و هۆرمون و ژمارەی سپێرم و شێوە و قەبارەیان لە نێرەی مشکی تاقیگەییدا، ئەوەیش دوای پێدانی کادمیۆم کلۆراید بەو مشکەکان بۆ ماوەی سێ هەفتە.
 
ئەو مامۆستایە دەڵێت: "لە توێژینەوەکەدا لێکۆڵینەوەیەکی وردم لەسەر رووەك کردووە لە رووی پێکهاتەی فینۆڵی و فلاڤۆنید و ئەنتی ئۆکسیدانت و دژەبەکتریا و کەڕووەوە. پاشان بە رێژەی جیاواز بۆ ماست زیادکراوە، دواتر لێکۆڵینەوەی ورد بۆ پێکهاتەی کیمیاوی و فیزیایی ئەنتی ئۆکسیدانتی و فینۆڵی و کانزاکانی ماستەکە کراوە. لەکۆتایدا ئەم ماستە بۆ ماوەی یەک مانگ دراوە بە نێرەی مشکی تاقیگەیی لە رێگەی دەم گاڤەجەوە. دواتر شێوە و قەبارەی سپێرم و هۆرمونی سێکسی شیکراونەتەوە و تۆیکاریی شانەزانی گون و جگەر کراوە و رێژەی سپێرمە چالاکەکان لە مشکەکەدا دیاری کراون."
 
ئەوە یەکەمین بڕوانامەی لەو شێوەیە لە زانکۆی گەرمیان بە دەست ھاتبێت. ئەو توێژینەوەیە لە تاقیگەکانی توێژینەوەی زانکۆی گەرمیان کراوە کە توێژەر زیاتر لە سێ ساڵ کاری لەسەر کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە