لە هەولێر 1300 کۆمپانیا و بەڵێندەر بایکۆتی وەرگرتنی پڕۆژەیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان دەڵێت، نزیکەی 12 ساڵە زیاتر لە 170 ملیار دینار قەرزیان لەلای حکومەتە و تاوەکو ئێستا ئامادەنەبووە پێیان بداتەوە، بۆیە بایکۆتی پڕۆژەکانیان کردووە و بازنەی بایکۆتیش فراوانتر دەکەن.
رۆژی هەینی، سێی کانوونی دووەمی 2025، شێرزاد بورهان بلەیی، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان بە رووداوی گوت: "سێ مانگە ئێمە وەکو لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان و ئەندامانمان کە ژمارەیان نزیکەی 1300 کۆمپانیا و بەڵێندەرە؛ بایکۆتی سەرتاسەریمان کردووە و هیچ پڕۆژەیەک وەرناگرین، کە بە دڵنیاییەوە ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەرتە جیاوازەکانی شارەکە دەبێت."
بە گوتەی سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، ئەوان وەکو بەڵێندەرانی هەولێر و دهۆک دوو قەرزیان لای حکومەتە، "100 ملیار دیناری قەرزی ساڵەکانی 2013 تاوەکو 2016یە، نزیکەی 70 ملیار دیناریش قەرزی ساڵەکانی 2016 تاوەکو ئێستایە.
پێشتر بە شێوەی قیستی مانگانە قەرزی بەڵێندەران دەدرایەوە؛ بەڵام سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە چوار ساڵە ئەوەش بڕاوە.
شێرزاد بوورهان گوتی: "لە رۆژانی ئاییندەدا لەگەڵ لقی سۆرانی بەڵێندەران کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان دەکەین و بە ئەگەری زۆرەوە ئەوانیش دێنە ریزی ئێمە و بایکۆت دەکەن. دواتریش خۆمان ئامادە دەکەین بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لقی پارێزگاکانی دیکە و دەمانەوێت بەوشێوەیە گوشار لە حکومەت بکەین مافەکانمان پێبدات."
لەبارەی شێوازی ئێستای جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە هەولێر، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان گوتی: "ئێستا حکومەت لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارەکانی، بە شێوەی راستەوخۆ خۆی پڕۆژەکان جێبەجێ دەکات، ئەوەش دەرگەیەکی گەورە بە رووی گەندەڵی دەکاتەوە، چونکە هیچ چاودێرییەکی ئەوتۆ لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نابێت."
رۆژی چواری تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان نووسراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا داوای لە سەرجەم کۆمپانیا و بەڵێندەرانی ئەندام لە لقەکەیان کرد "بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران، بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە پڕۆسەی وەرگرتنی تەندەر نەکەن، تاوەکو شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج دەکرێت."