لە ئامەد تەرمی کچێکی 12 ساڵان لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان تەرمی کچێکی تەمەن 12 ساڵ لە نێو ماڵەکەیدا دۆزرایەوە. دەرکەوت شوێنەواری گوللـە بەسەرییەوە هەبووە.
تەرمی ئەو کچە رۆژی چوارشەممە، یەکی کانوونی دووەمی 2025، لە ماڵەکەیدا لە گەڕەکێکی ناوچەی سوور لە ناوەندی شاری ئامەد دۆزراوەتەوە.
کچەکە ناوی (م. ئـ)یە و قوتابی پۆلی حەوتی سەرەتایی بووە لە قوتابخانەی سەرەتایی عەلی ئەمری.
بە گوێرەی زانیارییەکان، دەرگای ژوورەکەی قوفڵ دراوە، خێزانەکەی دەرگاکەیان شکاندووە و چوونەتە ژوورەوە بینیویانە (م) لەسەر زەوی کەوتووە و گوللـە بەر سەری کەوتووە.
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی پۆلیس و پزیشک، گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکەیان گواستەوە بۆ دادپزیشکیی ئامەد.
تاوەکو ئێستا روون نەبووەتەوە کچەکە کوژراوە یان خۆی کوشتووە، داواکاری گشتی دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.