لە کامیاران دەست بەسەر زیاتر لە 43 هەزار حەبی هۆشبەردا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە دەڵێت، لە کامیارانی سەر بە پارێزگاکە، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر حەبی هۆشبەردا گرتووە. پەیوەست بە دۆسیەکەش دوو کەس دەستگیر کراون.
رۆژی پێنجشەممە 02-01-2025، لوتفوڵڵا دارابی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، تیمەکانیان لە ماڵێکدا لە شاری کامیارانی سەر بە پارێزگاکە، دەستیان بەسەر 43 هەزار و 534 حەبی هۆشبەردا گرتووە.
لوتفوڵڵا دارابی گوتی، جگە لە حەبە هۆشبەرەکان، لە ماڵەکەدا دەست بەسەر هەندێک کەلوپەلی میکیاژ و جوانکاریی ئافرەتاندا گیراوە کە تەندروست نەبوون، هەروەها 36 کیلۆگرام پاودەری قەڵەوییش کە قاچاخ بووە، دۆزراوەتەوە.
بەگوتەی جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی سنە، پەیوەست بە دۆسیەکە دوو کەس دەستگیر کراون و دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، رادەستی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە کران.
بەپێی ئاماری فەرمیی کە ساڵی 2020 ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری ئێران بڵاوی کردووەتەوە، دوو ملیۆن و 800 هەزار ئالوودەبووی مادەی هۆشبەر لەم وڵاتەدا هەن، هەروەها پێشبینی دەکرێت یەک ملیۆن و 400 هەزار ئالوودەبووی دیکەش هەبن، کە تاوەکو ئێستا دەستنیشان نەکراون.